رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، راکان جبوورى، ئەندامى عەرەبی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک پێنج سکاڵایان پووچەڵکردنەوە، کە لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک لە دادگەى باڵای فیدراڵی تۆماریان کردبوو.
بڕیاربوو دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6ى تشرینى دووەم) ئەو سکاڵایانە یەکلابکاتەوە کە هەریەک لە حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکانى و سەوسەن جەدووع، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا لە فراکسیۆنى ئەو بەرەیە، راکان جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا پێشکێشیان کردبوو.
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو سکاڵاکارانە سەرجەم سکاڵاکانیان پووچەڵکردووەتەوە.
دوو لەو سکاڵایانە لە دژى ئەنجوومەنى پارێزگا بوو بەوەى کۆوبونەوەى 10ـی ئابى ئەنجوومەنەکە لە بەغدا، "رەوایەتیی نییە" کە حکومەتى خۆجێیی کەرکووکی تێدا هەڵبژێردرا.
سێ سکاڵاى دیکەیان کە پووچەڵ کراونەتەوە حەسەن تۆران، سەوسەن جەدووع و راکان جبوورى بەجیا لەدژى سەرۆککۆمار تۆماریان کردبوو، داوایان لە دادگە کردبوو سەرۆککۆمار ناچاربکرێت ئەو مەرسوومە کۆمارییەی بکشێنێتەوە، کە 13ـی ئاب دەریکردووە بۆ ئەوەى رێبوار تەها بە فەرمى ببێتە پارێزگار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی تشرینى دووەم، حەسەن تۆران سەرۆکى بەرەى تورکمانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا گوتى: "لەدواى راوێژ لەگەڵ یاساناسان و پارێزەرانى بەرگرى بەرەى تورکمانى عێراقى یەکگرتوو، بۆ ئەوەى لەگەڵ سکاڵاکەی دیکە لە دادگەى کارگێڕى تێکەڵ نەبن، لە دوێنێوە ئێمە و برایانى عەرەب داوایەکمان پێشکێش بە دادگەى فیدڕاڵى کرد بۆ پووچەڵکردنەوەى سکاڵاکان بۆ ئەوەى چاوەڕێى بڕیارى دادگەى کارگێڕى بکەین."
سکاڵاکانى دیکە کە لەدادگەى کارگێڕى تۆمارکراون و 14ى ئەم مانگە تاوتوێدەکرێن، کە لەلایەن بەرەى تورکمانى، فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، هەروەها راکان جبوورى، ئەندامى ئەو ئەنجوومەنە پێشکێشکراون، لە دژى رەوایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک لە 10ـی ئابدا.
بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک گوتى "پێناچێت دادگەى کارگێڕى لە دانیشتنى داهاتوودا دوا بڕیار بدات، لەبەرئەوەى داواى پەیڕەوى نوێى نێوخۆى ئەنجوومەن و چەند شتێکى دیکەى کردووە و دانیشتنى دیکەى بەدوادا دێت."
فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو (2 ئەندام)، فراکسیۆنى پارتى (2 ئەندام)، فراکسیۆنى عرووبە (2 ئەندام) بایکۆتى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک و کۆوبونەوەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکیان کردووە.
فراکسیۆنەکانى یەکێتى، بابلیوون، دوو ئەندامى فراکسیۆنى قیادەى سوننە، ئەندامێکى فراکسیۆنى عرووبە دەنگیان بەو حکومەتە خۆجێییە دا، رێبوار تەها لە پشکی کورد (یەکێتی) وەک پارێزگار و محەممەد حافز لە پشکى عەرەبی سوننە، وەک سەرۆکى ئەنجوومەن هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ