دۆناڵد ترەمپ لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی چوار ساڵە دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدای پایتەختی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکردووە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە رێز لە بڕیاری دادگە بگیرێت.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریداوە گوتاری سەرکەوتنی پێشکێش کرد و خۆی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا ناساند.
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا، هەریەکە لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرانە ئامانج و کوژران. ئەو کاتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی 07-01-2021 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دادوەری تایبەتمەند لە دادگەی لێکۆڵێنەوەی رەسافە، کە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات، گوتەی سکاڵاکارانی وەرگرت، رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2021 رێکارە بەراییەکانی تەواو کرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد.
لەوبارەوە محەممەد عەبدولئەمیر عەنووز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 06-11-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادگە بڕیاری خۆی داوە، پێویستە رێڕەوی خۆی وەربگرێت و رێزی لێبگیرێت، بەتایبەتی ئەو پرسە پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ترەمپ بۆ عێراق و مامەڵەی بەرپرسانی عێراقی لەگەڵیدا، ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەمە پرسێکی سیاسی، دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلییە، دەکەوێتە سەر بەرپرسانی عێراقی کە تا چەند مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بڕیاری دادگە جێبەجێ دەکەن، بەتایبەتی رێککەوتن و بەرژەوەندی و پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵات دا هەیە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەوکات ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە بەپێی مادەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی. رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێت بۆ زانینی بەشداربووانی دیکە لەو تاوانە، جا عێراقی یاخود بیانی بن.
ئەوکات تاریق حەرب، شارەزای یاسا و دەستووری عێراق کە ئێستا کۆچی دواییکردووە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە، رێکارێکی پێویستی دادگەیە بۆ پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردن، وەک هەر کەسێکی دیکە پێویستە بگیرێتەبەر، جا جێبەجێکردن یاخود جێبەجێنەکردنی فەرمانەکە ئەمە شتێکی دیکەیە.
تارق حەرب، ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی رێککەوتنی ڤیەننای ساڵی 1961 تایبەت بە رێکختستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. سەرۆک، وەزیر و پەرلەمانتاران پارێزبەندییان هەیە.
رۆژی 28-12-2020 ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق، رایگەیاند لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی کوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو و بەمنزیکانە بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی دەدەن.
رۆژی 05-01-2021 غولامحوسێن ئیسماعیلی، گوتەبێژی دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێران بە فەرمی داوای لە پۆلیسی ئینتەرپووڵ کردووە ترەمپ و ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەبووە، دەستگیر بکات."
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دوای رووداوەکە لە تۆڵەی کوشتنی سولەیمانیدا، هەڕەشەی کوشتنی لە سێ بەرپرسی ئەمریکا کرد، کە یەکێکیان دۆناڵد ترەمپ بوو.
رۆژی 01-01-2021 موهەند عقابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، لیستێک هەیە ناوی زیاتر لە 40 کەسی تێدایە کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، لەنێویاندا کەسایەتیی عێراقی و ئەمریکی هەن.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش کرد، دادگەی عێراقی رووبەڕووی گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان، بەڵام دادگە بە شێوەیەکی پیشەییانە کاری خۆی کردووە.