دادگەی فیدراڵی لەسەر 5 سکاڵای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

06-11-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر 5 سکاڵای تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "رێز لە بڕیاری دادگه دەگرین."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 06-11-2024 یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو پێنج سکاڵایە بەڕێوەدەچێت. دوویان لەلایەن راکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری پێشوو تۆمار کراون.
 
یەکێکیان لەسەر د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقە، داوا لە دادگەی فیدراڵی دەکات سەرۆککۆمار پابەند بکات بە کشانەوەی مەرسوومی کۆماری، کە بۆ دامەزراندنی رێبوار تەها وەکو پارێزگاری کەرکووک دەریکردووە.
 
سکاڵاکەی دیکەی راکان جبووری لەسەر محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە؛ داوای هەڵوەشانەوەی دانیشتنی 10-08-2024 دەکات لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری کەرکووک. بە بۆچوونی راکان جبووری "دانیشتنەکە نایاسایی بووە."
 
هەروەها هەریەک لە حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و سەوسەن عەبدولواحید شاکر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە جیا سکاڵایان لەسەر سەرۆککۆماری عێراق  تۆمار کردووە.
 
سکاڵای پێنجەم بە هاوبەشی لەنێوان حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق و سەوسەن عەبدولواحید شاکر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار کراوە لەسەر 9 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بەشداربوون لە کۆبوونەوەی 10-08-2024 لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگا و سەرۆکی ئەنجوومەن، پێیانوایە دانیشتنەکە نایاسایی بوو.
 
9 ئەندامەکە بریتین لە پێنج ئەندامی یەکێتیی، سێ عەرەب و نوێنەرێکی کریستیان.
 
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگاداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵیین. پارێزەرمان ئامادە دەبێت. هەر بڕیارێکیش دادگە بیدات پێوەی پابەند دەبین."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە گوتی، "ئەگەر دادگەی باڵای فیدراڵی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاریشی بە نائاسایی دانا؛ کێشەیەکی ئەوتۆ دروست نابێت، جارێکی دیکە هەر 9 ئەندامەکە کۆدەبینەوە، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵدەبژێرینەوە؛ چونکە ئێمە هاوپەیمانیمان هەیە و هیچ کێشەیەکمان نییە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 ئەندام پێکهاتووە. دوو ئەندامەکەی پارتی و سێی عەرەب و دوو ئەندامەکەی تورکمان، تاوەکو ئێستا بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە، چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دەکەن لە دادگەی باڵای فیدراڵی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.