شەڕی موسڵ و سۆشیاڵ میدیا

06-11-2016
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن شەڕی موسڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
A+ A-
رووداو - هەولێر 

هەواڵەکانی تایبەت بە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە هەموو لایەکەوە گرنگی زۆریان پێدەدرێت، لەمڕوانگەیەوە بەشێکی زۆر لە سەرکردە و دەزگا سەربازییەکانی عێراق لە ساتی روودانی شەڕەکان راستەوخۆ هەواڵ و زانیاری لەڕێگەی پەیجە تایبەتەکانیانەوە لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاودەکەنەوە.

بەهۆی شەڕی موسڵ سەرکردە سەربازییە عێراقییەکان ناوبانگی زۆریان لە سۆشیاڵ میدیاکاندا پەیداکردووە و، ئاکتیڤیتی پەیجەکانیان بەرزە، زۆربەیان هەر لەکاتی روودانی شەڕەکان راستەوخۆ زانیاری و ڤیدیۆ و وێنەی شەڕەکان بڵاودەکەنەوە.

ئەگەر جاران پێویستی کردبا بچیە سەر ماڵپەڕە فەرمییەکانی وەزارەتەکان بۆ ئەوەی دوایین زانیاریت لەو وەزارەتە دەستبکەوێت، ئێستا بەپەلەتر لە هەواڵی ماڵپەڕە فەرمییەکان هەمان زانیاریت لە پەیجەکانی ئەو وەزارەت و لایەنانە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دەستدەکەوێت.

ماڵپەڕ و پەیجی فەرمی وەزارەتی بەرگری عێراق


ئەوەی تێبینی دەکرێت لەسەر پەیجی فەرماندە سەربازییەکانی سوپای عێراق، ئەوان ژمارەیەکی زۆری سێڵفی و وێنەی تایبەت لە شوێنانە کۆنترۆڵکراوەكان دەگرن، وێنە و ڤیدیۆکانیش بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن عێراقییەکانەوە شەیردەکرێن و وەک هێمایەکی سەرکەوتن بەسەر داعش سەیردەکرێن. 

سەرکردە عێراقییەکان لەماوەی رۆژێکدا هەواڵی زۆر بڵاودەکەنەوە، بۆ نموونە تاڵب شەغاتی کەنانی، سەرۆکی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رۆژی 3-11-2016 لە دوو پۆستدا، 19 وێنەی بڵاوکردوونەتەوە و تێیدا دوایین هەواڵی لەبارەی رەوشی گۆگجەلی بڵاوکردووەتەوە.

 
سەرۆکی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە یەکێک لە پۆستەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، رۆژی 3-11-2016 نووسیویەتی "لەگەڵ سەرۆکی پۆلیس و بەڕێوەبەری بەرگریی مەدەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووینەوە، ئەوان سوپاسی هێزەکانی دژەتیرۆریان کرد بەهۆی ئەوەی رۆڵێکی پاڵەوانانەیان گێڕا لە ئازادکردنی قەزا، ناحیە و گوندەکانی نزیک موسڵ، هەروەها پارێزگاریشیان لە ژێرخانی شارەکە کردووە".

لە بەشێکی زۆری ئەو کۆمێنتانەی بۆ سەرکردە سەربازییە عێراقییەکە هاتوون لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک خەڵکی نزا بۆ هێزە عێراقییەکان دەکەن و داوا لە خودا دەکەن لە شەڕەکە سەریان بخات، لەبەرامبەردا هەندێکی دیکە بە تەنزەوە دەڵێن "ئەی ئەو سەرکردە سەربازیانە لەکوێبوون کاتێک داعش هات!".

سێڵفی و وێنەگرتن لەکاتی شەڕ

پەیجی سوپای عێراقی نیشتمانی (بۆ ئەوەی ئاسانتر بدۆزرێتەوە لە فەیسبووک بە عەرەبی و ئینگلیزی ناوەکەی نووسراوە) رۆژی 4-11-2016 ڤیدیۆیەکی نێو شاری موسڵی بڵاوکردەوە، تێیدا یەکێک لە ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەردەکەوێت، لەکاتێکدا لەنێو شەڕێکی سەختدایە و دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێت، بەڕووی کامێراکەی پێدەکەنێت و ڤیدیۆی خۆی لەنێو شەڕەکە تۆماردەکات.

پەیجی سوپای عێراق لەبارەی ڤیدیۆکەوە نووسیویەتی "بەدڵنیاییەوە بەو زەردەخەنە و هیمەتە لە بەرەکانی شەڕ هەر سەردەکەوین".  

 

 
فازڵ جەمیل بەرواری، سەرۆکی فیرقەی زێڕینیش کە بەردەوام سێڵفی خۆی لە شوێنە تازە کۆنترۆڵکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی: فەیسبووک، توویتەر و ئینستاگرام بڵاودەکاتەوە.

رۆژی 2-11-2016 بەرواری لە پەیجەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڤیدیۆیەکی بە ناونیشانی "سێڵفی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵەخانەی تەلەڤزیۆنی موسڵ" بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر فۆڵۆوەرییەوە شەیرکراوە، هەروەها رۆژێک پێش ئەو بەروارەش ڤیدیۆیەکی بەناونیشانی "سێڵفی سەرکەوتن لە گۆگجەلی" بڵاوکردووەتەوە.

 


یەکێکی دیکە لە سەرکردە سەربازییە ئاکتیڤەکان لە سۆشیاڵ میدیاکان و بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی پێشووی عێراقە کە هەرچەندە لەلایەن پەرلەمان متمانەی لێسەندراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە زۆربەی چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکانیدا بە جلوبەرگی سەربازی دەردەکەوێت و دوایین زانیاری لەبارەی شەڕی موسڵ بڵاودەکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە