گوتەبێژی کەتائیب سەید شوهەدا لەبارەی پەڕینەوەی شەڕ بۆ عێراق: دەبێت ئێمە دەستپێشخەر بین

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
عێراقی نوێ کەوتووەتە نێوان دوو تاشەبەرد
عێراقی نوێ کەوتووەتە نێوان دوو تاشەبەرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شەقامەکانی بەغدا هێزی ئەمنی، زیاتر لە جاران دەبیندرێن. چەکدارانی کەتائیب سەید شوهەدا دەڵێن پەڕینەوەی شەڕ بۆ عێراق نیگەرانیان ناکات و دەبێت عێراق دەستپێشخەر بێت.
 
عێراقی نوێ کەوتووەتە نێوان دوو تاشەبەرد؛ رازیکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی بە مقاوەمەی ئیسلامی خۆیان دەناسێنن و نزیکن لە ئێران لە لایەک و، لە لایەکەی دیکەش پاراستنی بنکە و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانە ئەمریکا.
 
شێخ کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیبی سەید شوهەدا دەڵێ "ئێمە، لەبەردەم شەڕێکین، کە شەڕێکی مێژووییە، بە شەڕی شکۆ و شەرەف دادەندرێت لە شەڕەکانی شانازی و قارەمانییەتی. باجەکەی هەرچی بێت لە عێراق ئەمە جێگەی دڵتەنگی نییە، ناکرێت لەسەر بنەمای حیساباتی سیاسی و دیپلۆماسی بێت. چونکە ئەو رۆحانەی گوڵیان گرت ئەو کەسانەن کە کوژران."
 
دەشڵێ "یەکەمین قیبلەی موسڵمانان و لوبنان ئەمڕۆ لەژێر هێرشی وەحشیدایە، ژنان و منداڵان باڵاخانە و هەموو شتێک لەمانە لە وڵاتان لەژێر پلانی ئیسرائیلن... پێویستە لەسەر عێراق دەستپێشخەری بکات و پێش رووداوەکە بکەوێت پێش ئەوەی تووشی شەڕێک بێت و ئامادەی نەبێت."
 
حکومەتی عێراق بە فەرمی تەنها هاوکاریی دەرمان و خۆراک و پێداویستیی پزیشکی رەوانەی لوبنان و فەلەستین دەکات، بۆ هێرشەکانی سەر لوبنان و فەلستینیش بەیاننامەی ناڕەزایی.
 
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ "بێگومان ئەمڕۆ مافی بەرگری مافێکی شەرعییە. بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کێ وەڵام دەداتەوە یان بۆردوومان دەکات." باس لەوەش دەکات "ئەو وڵاتانە ئەمڕۆ دەستدرێژی دەکەنە پیرۆزییەکانمان و دەستدرێژی دەکاتە سەر خوێنمان."
 
مقاوەمەی ئیسلامی، مانەوەی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل بە هۆکاری بەردەوامبوونی هێرشەکانی خۆیان دادەنێن.
 
ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسی فەلەستین تێدەپەڕێت، لەبری هێوربوونەوە و وەستانی شەڕەکە، ئێستا پەلی بۆ باشووری لوبنان، هاویشتووە و پریشکەکانی گەیشتوونەتە یەمەن، سووریا و ئێرانیش.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە