سوودانی: سوپاسی هەڵوێستی ماکرۆن دەکەین و هەوڵی رێگەنەدان بە فراوانبوونی ململانێ دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا بۆ راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "لە لێواری دۆخێکی پڕ لە مەترسیداین کە رەنگە ناوچەکە بخاتە تەنگژەیەکی دوورودرێژ"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەوڵەکانیان بۆ رێگەگرتن لە فراوانبوونی ململانێیەکە بەردەوام دەبن.
رۆژی یەکشەممە، 06-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر جەنگی غەززەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لەژێر رۆشنایی پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە، پەیامێک بۆ هاوڕێکانمان بە تایبەت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دەنێرین. (دەڵێین) لە لێواری دۆخێکی پڕ لە مەترسیداین کە رەنگە ناوچەکە بخاتە نێو تەنگژەی دوورودرێژ، بازرگانیی جیهانی پەکبخات و لەبەردەم پێشکەوتنەکان ببێتە بەربەست".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "سوپاسی هەڵوێستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکەین کە داوایکردبوو ناردنی چەک بۆ قەوارەی زایۆنی رابگیرێت و جەنگ بووەستێت. هەڵوێستی ماکرۆن رەنگدانەوەی تێگەیشتنیەتی لە دۆخی ناوچەکە".
دوێنێ شەممە، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، کاری لەپێشینە ئەوەیە روو لە چارەسەری سیاسی بکرێت و "ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرین".
ماکرۆن هەروەها نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی غەززە دەربڕی و سەرکۆنەی بڕیاری ئیسرائیلی کرد "بۆ ناردنی سەرباز بۆ لوبنان".
محەممەد شیاع سوودانی رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت، "هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکات".
سوودانی دەنووسێت، "حکومەتەکەمان کاری زۆری کردووە بۆ ئەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ئەو تەنگژانە بپارێزێت و بە هاوئاهەنگیی وڵاتانیش سەرکەوتوو بووین لەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکرد "بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل" بووەستێت و گوتی، لەم جەنگەدا هیچ براوەیەک نییە و ئەوەی دەبیندرێت تەنیا کاولکاری و ماڵوێرانییە.
سوودانی دەڵێت، کە عێراق هاوشانی هاوپەیمان و "برا"کانی لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و فراوانبوونی ململانێیەکان بەردەوام دەبێت.