رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رەتیدەکاتەوە دادگە هیچ بڕیارێکی لەدژی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان دەرکردبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان نووسراوێک بڵاوکرایەوە گوایە دادگەی کەتنی کەڕادە، سێ ساڵ زیندانی بۆ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق دەرکردووە.
لەوبارەوە وەزارەتی پلادانانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 06-10-2024 روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەوەی بڵاوبووەتەوە هەواڵی ساختە و دوورن لە راستییەوە".
وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڕەشە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەدەنە دادگە، کە لەپشت ئەو هەواڵە و ساختەکردنی نووسراوە فەرمییەکانن.
محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، یەکێکە لە سەرکردەکانی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، لە دیدارەکە "کۆمەڵێک پرسی یاسایی تایبەت بە کاری وەزارەتەکە تاوتوێکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ