رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەغدا رایدەگەیێنێت، سواڵکەرێکیان لە شاری بەغدا دەستگیرکرد، کە 18 ملیۆن دیناری پێبووە.
عەمید حوسێن عەلی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا - رەسافە رۆژی یەکشەممە 06-10-2024 بە تۆڕی میدیایی روودای گوت، دوێنێ بەشی پۆلیسی شەعب و بنکەی پۆلیسی گەڕەکی سۆمەر لە شاری بەغدا بە هاوکاریی هێزێکی پاراستنی یاسا، سواڵکەرێکیان دەستگیرکرد، کە 18 ملیۆن دیناری پێبووە.
سواڵکردن لە عێراق نایاساییە. بەگوێرەى یاساى سزادانى عێراق هەر کەسێک 18 ساڵی تەواو کردبێت و لەسەر رێگەیەکى گشتى سواڵ بکات، سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى، لە سێ مانگ زیاتر نەبێت.
گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا - رەسافە دەڵێت، دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هاتووە، گومان لەو کەسە کراوە، دوای پشکنین دەرکەوتووە 18 ملیۆن دیناری پێبووە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق؛ لە ساڵى 2023 و سەرەتاى ساڵى 2024، زیاتر لە 10 هەزار سواڵکەرى بیانى لە عێراق نێردراونەتەوە وڵاتەکانیان.
فازڵ غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ رۆژی 02-04-2024 لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، بەگوێرەى رووپێوییەکی ناوەندەکەمان، زیاتر لە 500 هەزار سواڵکەر لە نێوەڕاست و باشوورى عێراق و هەرێمى کوردستان هەن، کە عێراقى و بیانین. سواڵکەرە بیانییەکان خەڵکی بەنگلادیش، پاکستان و سووریان.
سەرۆکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق ئاماژەى بەوەدا هەندێک لە سواڵکەرە بیانییەکان لە عێراق کە بەشێوەى نایاسایى دەربازى سنوور بوون، کاتێک دەستگیردەکرێن، بە کەفالەت لەلایەن دادوەرەوە ئازاد دەکرێن و هەندێکیشیان دەنێردرێنەوە وڵاتەکانیان.
فازڵ غەراوى گوتیشى لە ساڵی 2023 و سەرەتای 2024ـدا "زیاتر لە 20 هەزار سواڵکەرى بیانى دەستگیرکراون و بە کەفالەت ئازاد کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ