ترس لە گەیشتنی ئاگرى شەڕ، عێراق ناچار بە بڕیارێک بۆ پاراستنى بەندەرەکانى دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵۆزیى ناوچەکە مەترسی گەیاندنی پریشکى ئاگرەکەى بۆ عێراق لێدەکرێت. بۆ رێگرى لە زیانەکانى ئەو سیناریۆیە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە هەر بارێک لە بەندەرەکان دابگیرێت، "خێرا" بگوازرێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە کەمتر لە دوو مانگدا ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەى خۆیان بە "موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، 37 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، نیوەیان دواى کوژرانى حەسەن نەسروڵڵا بوون.
چیرۆکى ئەو مەترسییەى دۆخى ناوچەکە لەسەر عێراق لەوەوە دەستى پێکرد کە 27ى ئەیلوول، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەیەکى بەرزکردەوە کە سێ وڵات رەشکرابوون و یەکێک لەوانیش عێراق بوو.
کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵڵاى لوبنان لە 27ى ئەیلوول لە بۆردوومانێکى ئیسرائیل و هێرشی مووشەکى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە یەکى تشرینى یەکەم بۆسەر ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکەى بەرەو ئەگەرى ئاڵۆزبوونى زیاتر برد.
"موقاوەمە" عێراق پەلکێشی شەڕ دەکات؟
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەگەر هەیە فراوانبوونى بازنەى جەنگى ناوچەکە بیگرێتەوە، بەتایبەت کە بەشێکى زۆرى گرووپى"موقاوەمە" لە عێراقدان.
"موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" دەڵێت، لە 18ى ئاب تاوەکو 2ى تشرینى دووەم، 37 هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل؛ 5 هێرشیان لە مانگى ئابدا بوون؛ زۆرترینىان لە مانگى ئەیلوولدا بوون کە 30 هێرش بوون؛ لە 27ى ئەیلوول تاوەکو 30ى ئەیلوول بەرپرسیارێتی لە 14 هێرش راگەیاندووە کە گوایە کردوویەتە سەر ئیسرائیل.
سوپاى ئیسرائیل لە 4ی تشرینى یەکەمدا کوژرانى دوو سەربازى راگەیاند کە گوایە بە هێرشێکى درۆنى کوژراون کە لە عێراقەوە ئاڕاستەی بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا کراوە. ئەوە یەکەمجار بوو ئیسرائیل بەو شێوەیە باس لە زیانى هێرشێک بکات کە گوایە سەرچاوەکەى عێراق بووە.
کاوە حەسەن، پسپۆڕى کاروباری رۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە سەنتەرى ستیمسنى ئەمریکى لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق)دا گوتى، "سیاسەتى ئیسرائیل ئەوەیە کە هەر هێزێکى دیکەى وەک حیزبوڵڵا بیەوێت لە ناوچەکەدا رووبەڕووی ببێتەوە، لەنێوی دەبات. ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا نەکەن، بێ دوودڵى ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر عێراق، کە رەنگە هێرش بکاتە سەر سەرکردەکانى ئەو گرووپانە یان چەند شوێنێکى ستراتیژی، لەوانە بەندەرى بەسرە. ئێستا هیچ هێزێک نییە بتوانێت نەتەنیاهوو بووەستێنێت، ئیدارەى ئەمریکا نەبێت".
کاوە حەسەن گوتى، "ئەگەر ئێران هەست بکات مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەى هەیە، داوا لە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق دەکات هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بەڵام تاوەکو نەگاتە ئەو ئاستە، ئێران لە بەرژەوەندیدا نییە دۆخى عێراق تێکبچێت".