لە دیالە دوو چەکداری حەشدی دیفاع کوژران؛ 'داعش هێرشی کردووەتە سەریان'
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا لە قەزایەکی پارێزگای دیالە، دوو چەکداری حەشدی دیفاع کوژران، چەکدارەکان خەڵکی کەرکووکن و یەکێک لە هێرشبەرەکانیش کوژراوە.
عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 06-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 09:30ـی شەوی رابردوو، چوار چەکداری داعش کە لەنێو بارهەڵگرێکی سپی، لە جۆری کیا و ژمارە 58393- بەغدا بوون، لە نزیک وێستگەی کارەبای نەوفەل لە قەزای شارەبان، تەقەیان لە بارەگای فەوجی ئەئیمەی سەر بە حەشدی دیفاع کرد.
گوتەبێژی پۆلیسیی پارێزگای دیالە دەڵێت، لەو هێرشەدا دوو حەشدی دیفاع بە ناوەکانی ویسام کەریم سەعید بەرزنجی و عەبدوڵڵا محەممەد عەبدوڵڵا جبووری کوژران، کە دانیشتووی کەرکووکن. شوفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەش کوژراوە و چەکدارەکانی دیکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
تەرمی کوژراوەکان رەوانەی دادپزیشکی شارەبان کراون.
حەشدی دیفاع، پێکهاتەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە.
بەم دواییانە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادی کردووەتەوە. لە رووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا رۆژی چوارشەممە، دووی تشرینی یەكەمی 2024 لە ناحیەی رەشادی سەر بە قەزای حەویجە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و لە ئەنجامدا 4 سەرباز كوژران.