وردەکاریی کوژرانی بەڕێوەبەری کارەبای روومادی لەگەڵ هاوژین و دوو کچەکەی

رووداو دیجیتاڵ
 
لەدوای کوژرانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای روومادی لەگەڵ هاوژین و دوو کچەکەیان، پۆلیس دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد.
 
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە (5-10-2024) خەڵکی ناحیەی بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنباڕ بە رووداوێکی دڵتەزێن رۆژیان کردەوە، رووداوەکە بەمشێوەیە بووە؛ کەسێک "بکوژ" بە دەمانچەیەکی بێدەنگ لەڕێگەی تەنەکەی خۆڵ لە دیواری ماڵەکە ئاودیو دەبێت و، چوار کەس لە یەک خێزان دەکوژێت، دواتر پەنجەرەی ماڵەکە دەشکێنێت و هەر لە پەنجەرەکەوە دێتە دەرەوە.
 
رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لە ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا هێنا، هەمووان شۆک بوون.
 
کوژراوەکان پێکدێن لە: فیراس مونعم، بەڕێوەبەری کارەبای روومادی، جنان سەعید ـی هاژینی لەگەڵ هەردوو کچیان؛ رەفل ـی تەمەن 6 ساڵان و غەزەل ـی 7 ساڵان.
 
لەئەنجامی ئەو تاوانە، لە خێزانێکی پێنج کەسی تەنها کچێکی تەمەن هەشت مانگی ماوەتەوە.
 
عەفتان رافع، سەرۆکهۆزی ئەلبی جنان باسی شێوازی رووداوەکە دەکات و دەڵێ "ئەوەی روویداوە ئەوەیە؛ کەسێک چووەتە سەریان و چەکی بەکارهێناوە. (ئەو کەسە) بکوژی ئەندازیار و هاوژینەکەیەتی هەروەها دوو کچی بچووک لە تەنیشت دایک و باوکیان (کوژران)، لەم خێزانە پێنج کەسییەدا تەنها کچێک ماوەتەوە کە تەمەنی هەشت مانگە." دەشڵێ ئەو کەسە تاوانکراوە و سەری بڕیون.
 
پۆلیس، لە دوای رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و ماوەی چوار کاژێر خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکە بوون.
 
باوکی عومەر، دراوسێی کوژراوەکان دەڵێ فیراس "هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبوو، بۆیە ئەوانەی لە دەوروبەرینی هەموویان تووشی شۆک بوون،  بۆچی ئەم تاوانە قێزەوەنەی بەرامبەر کراوە!" 
 
فراس مونعم، حەوت ساڵ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، پۆلیسی ئەنبار لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.