رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى پێشووى نەینەوا بە 15 ساڵ بەندکردن سزادرا. ئەوەش لەسەر دۆسیەى بردنى 48 ملیار دینار کە دراوە بە فەرمانبەرێکى دیوانى پارێزگا.
رۆژی 5ى تشرینى یەکەمى 2023، دەستەى دەستپاکیی عێراق لەراگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى تاوانەکانى نەینەوا بە شێوەی ئامادەنەبوو، پارێزگارى پێشووترى نەینەواى بە 15 ساڵ بەندکردن سزادا، بە تاوانى بردنى پارەى تایبەت بە سەقامگیرکردنەوەى پارێزگاکە.
نەوفەل عاگوب، پارێزگارى پێشووى نەینەوا بە گوێرەى مادەى 315 ى یاساى سزادانى عێراق سزادراوە، کە تایبەتە بە تاوانى خراپ بەکارهێنانى پۆست بۆ بەرژەوەندى کەسی.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، 48 ملیار و 77 ملیۆن و 125 هەزار دینارى پارەى دووبارە سەقامگیرکردنەوەى نەینەوا کە لە بانکى رەشید بووە، راکێشراوە و دراوە بەتۆمەتبارێک کە ئێستا هەڵاتووە و ئەوکات فەرمانبەر بووە لە دیوانى پارێزگا، بەبێ ئەوەى ئەو پارەیە لە هەژمارى فەرمى باوەڕپێکراو لە بانکە حکومییەکان هەڵبگیرێت و نەشخراوەتەوە قاسەى پارێزگا یان رادەستى لێژنەى جێبەجێکردن بکرێت لە ئەمیندارێتى پارێزگاى نەینەوا بەمەبەستى بەکارهێنانى لەو پڕۆژانەى کە بۆى تەرخانکراوە، دەستەکە ئەوە بە پێچەوانەى یاساو رێنماییەکان دەزانێت.
نەوفەل عاگوب، ساڵى 2015 پۆستى پارێزگارى نەینەواى وەرگرت، لە ساڵى 2019 پەرلەمانى عێراق لە پۆستەکەى دووریخستەوە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەى بەوە داوە، دادگە لە رێگەى بەڵگەکانەوە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى کە تۆمەتبارەکە کەمتەرخەم بووە، بۆیە سزاى داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ