کازمی: پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکانی ئێزدییەکان دەکەین

06-10-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەژنی جەما لە کوردانی ئێزدی پیرۆز دەکات و پشتیوانیی خۆیشی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دووپات دەکاتەوە کە کوردانی ئێزدی تێیدا نیشتەجێبوون و بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبوون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 6-10-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا بەبۆنەی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی رایگەیاند، "جوانترین پیرۆزبایی پێشكێش بە برا ئێزدییەكان لە عێراق و جیهان دەكەین بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی جەما، بەهیواین ئارامی و ئاشتی باڵ بەسەر جەژن و خۆشییەكانیاندا بكێشێت". 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "جارێكی دیکە پشتیوانیی خۆمان دووپاتدەكەینەوە لەم پێكهاتە بەڕێزە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و تیماركردنی برینەكانیان". 
 
جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی، ئەم جەژنە لە مانگی 10 دەستپێدەکات و ماوەی حەوت رۆژ دەخایێنێت. چەندین رێوڕەسمی ئایینیی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
 
رێوڕەسمەکانی جەژنی جەمای ئێزدی هاوشێوەی رێوڕەسمەکانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، چۆن لە ئیسلامدا ئاوی زەمزەم هەیە، بە هەمان شێوە ئاوی کانیی سپی لە لایەن کوردانی ئێزدی پیرۆزە.
 
هەموو کەسێک دەبێ لە ژیانیدا جارێک بە ئاوی کانیی سپی مۆر بکرێت، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوە و بە ئاوی کانییەکە خۆیان مۆردەکەن. جگە لەوەش ئەو کەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، بە ئاوی کانییەکە مۆردەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خودا لە گوناهەکانیان خۆشبێت.
 
رێوڕەسمەکان بەسەر حەوت رۆژی ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێوڕەسمی حەوت پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا حەوت کچ وەکو حەوت پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەوت فریشتەی ئاسمان.
 
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێوڕەسمەدا گایەک سەردەبڕن و وەکو قوربانی و گۆشتەکەی دەبێتە "زادێکی پیرۆز" و پێیدەڵێن "سمات".
 
رۆژی حەوتەم رێوڕەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێوڕەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
 
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی چوار ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوە و دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە