دلاوەر ئاژگەیی: هەڵوێستی پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانیکردن بوو لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا بە "تووندی" هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان "شەرمەزارکرد" و پێیوایە، "ئەوە دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورەیە و واتای پشتیوانیکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە".
رۆژی پێنجشەممە، 6-10-2022 دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سیما ئاخێزی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لە یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەبڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا، بە تووندی ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرا کە ئەمە دەستکەوتێکی دیپلۆماسییە و پشتگیرییەکی سیاسیی ئەوروپایە بۆ هەرێمی کوردستان".
دلاوەر ئاژگەیی گوتی: "پێشتریش یەکێتیی ئەوروپا هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێرانی بۆسەر هەرێمی کوردستانی بە تووندی شەرمەزار کرد، ئەو شێوازەی بۆ شەرمەزارکردنەکە بەکاریان هێنابوو زۆر تووند بوو و، پێشتر تەنیا بەرامبەر بە رووسیا بەکاریان هێنابوو".
رۆژی پێنجشەممە، 06ی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی لە دژی حکومەتی ئێران پەسند کرد، کە بەگوێرەی پڕۆژەبڕیارەکە، یەکێتیی ئەوروپا داوا دەکات دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران سزا بدرێن.
بەگوێرەی ئەو پڕۆژەبڕیارەی پەرلەمانی ئەوروپا، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات لێکۆڵینەوە لە شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ بکات کە لە 13ی ئەیلوولی رابردوو لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئەو شارەوە دەستگیرکرا بەبیانوی پابەندنەبوونی بە رێکاری باڵاپۆشی و دواتریش لەکاتی دەستبەسەریدا، تەندروستیی تێکچوو و دواتر لە 16ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە درێژەی پڕۆژەبڕیارەکەدا، ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە بەرپرسانی تاران دەکەن بەزووترین کات، خۆپێشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: "ئەو شەرمەزارکردنە بۆ ئەوەیە ئێران دەست لە هێرش و بۆردوومانەکانی هەڵبگرێت و هاوکات پشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپاشە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان کە ئەوە دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورەیە، بەڵام تاوەکو چەند لەڕووی کردارییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئێران بۆ وەستاندنی هێرشەکانی؟ ئەمەیان پرۆسەیەکە و ئێرانیش لەبەرچاوی دەگرێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەرۆشەوە هاتووەتە سەرهێڵ".
بەگوتەی دلاوەر ئاژگەیی، دەبێ حکومەتی عێراقیش هەڵوێستی هەبێت لەسەر ئەو مژارە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "عێراق ئەگەر نەیتوانی بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە پارێزگاری لە سەروەری خۆی بکات، دەبێ بە فەرمی و لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە داوا بکات لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بیپارێزن."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا باس لەوەش دەکات: "لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێ کۆدەنگی لەسەر داواکە دروستببێت و ڤیتۆ دژی بەکارنەبرێت، ئەوکات ئەنجوومەنی ئاسایش وەک دامەزراوەیەکی گرنگی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکیەتی رێگە لە تووندوتیژی و کێشە لەنێوان وڵاتانی خاوەن سەروەری بگرێت".
رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022 سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022 سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.