عێراق
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، پێدەچێت تاوەکو ساڵی 2050 بەبیابانبوون کاریگەری بکاتە سەر 39%ی رووبەری عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق هۆشداری لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات و دەڵێت، "قەیرانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی جیددیی بۆسەر ئاییندەمان دروستکردووە؛ پێویستە هەر لە ئێستاوە دەست بە کار بکرێت و بواری دواکەوتنیش نییە". هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری هەیە 54%ی خاکی عێراق بەکەڵکی کشتوکاڵکردن نەیەت و ژمارەی دانیشتووانی عێراقیش تاوەکو 2050 بگاتە 80 ملیۆن کەس.
لەبارەی کەشوهەواوە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ژمارەیەک تویتی کردووە و تێیدا ستایشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات بۆ پەسندکردنی "پرۆژەی بووژانەوەی وڵاتی نێوان دوو رووبار"، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە پێشکێش کرابوو بۆئەوەی ببێتە چوارچێوەیەکی ستراتیژیی ژینگەیی و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتدا.
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2050دا ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە 40 ملیۆنەوە بۆ 80 ملیۆن کەس زیادبکات، بەبیابانبوونیش کاریگەری بکاتە سەر 39%ی رووبەری عێراق؛ 54%ی خاکی عێراقیش هەڕەشەی بەکەڵکنەهاتنی بۆ کشتوکاڵ لەسەرە، ئەوەش بەهۆی سوێری و بێئاوی و کەمئاوی لە دیجلە و فورات و دەڵێت، "قەیرانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی جیددیی بۆسەر ئاییندەمان دروستکردووە؛ پێویستە هەر لە ئێستاوە دەست بە کار بکرێت و بواری دواکەوتن نییە".
بەرهەم ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە، عێراق لە ئاستی جیهاندا لە پلەی پێنجەمی وڵاتان دێت لەڕووی کەمئاوی، کەم خۆراکی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت کەمبوونەوەی ئاو لە ساڵی 2035دا بگاتە 10.8 ملیار مەتر سێجا، ئەوەش لە کاتێکدایە داهاتی دارایی لە نەوت کەم دەبێتەوە و جیهانیش دەستبەرداری نەوت دەبێت و زیاتر پشت بە وزەی پاک دەبەستێت.
سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی، "بووژانەوەی وڵاتی نێوان دوو رووبار، پرۆژەیەکی عێراقە؛ هەموو ناوچەکانمان مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە. پرۆژەکە پشتدەبەستێت بە 9 پرۆژەی ستراتیژی کە دارچاندن و نوێکردنەوەی شێوازی بەکارهێنانی ئاوی دیجلە و فورات و بەرهەمهێنانی وزەی پاک و سنووردارکردنی دەرچوونی گازە گەرمکەرەکان و هاندانی وەبەرهێنان لەڕێگەی سندووقی کەشوهەوای سەوزەوە لەخۆدەگرێت".
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەستکردن بە قەبارەی ئەو کارەساتە ژینگەییە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و دەوری هەموومانی گرتووە، دەستکردنە بە پلانێکی ژینگەیی هەرێمیی تەواو و هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا".
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی رابردوو راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییە ژینگەییەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لافاو و وشکەساڵی روویان لە زیادبوونە و هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی دانیشتووان و کەمبوونەوەی سەرچاوەکان لە سەرتاسەری جیهاندا قەیرانی ئاوی لە هەندێک ناوچەدا چەند هێندە کردووە.
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان 20 ئاژانسی جیهانی و دامەزراوەی زانستی ئامادەیان کردووە، تێیدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "بەڕێوەبردن، چاودێریکردن، پێشبینیکردن و هۆشدارییە سەرەتاییەکان کەموکوڕییان تێدایە و بەس نین".
لافاوەکانی ژاپۆن، چین، پاکستان و چەند وڵاتێکی ئەوروپی بە بەڵگەی زیادبوونی ئەو قەیرانانە هێنراوەتەوە کە پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2000ەوە ئەو کارەساتانەی کە بەهۆی لافاوەوە روودەدەن، بە رێژەی 134% زیادیان کردووە و زۆرترین زیانی گیانی و ماددیش لە ئاسیا هەبووە، هاوکات ئەو کارەساتە سرووشتییانەی کە پەیوەندییان بە وشکەساڵییەوە هەیە بە رێژەی 29% زیادیانکردووە، زۆرترین زیانی گیانی و ماددیی وشکەساڵییەکەش لە ئەفریقا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ