باڵیۆزی ئێران بۆ رووداو: پزیشکیان سەردانی بەغدا دەکات؛ هەلومەرج لەباربوو دەچێتە هەولێریش

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، لە سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمنی واژۆ دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەلومەرج لەباربوو، سەردانی هەولێریش دەکات.
 
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ مەسعود پزیشکیان سەردانی عێراق بکات.
 
عێراق دەبێتە یەکەمین وڵات کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی بکات، دواتریش دەچێتە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بێت.
 
لەو بارەیەوە، رۆژی هەینی محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق بە رووداوی گوت، "سەردانی سەرۆککۆمار مەسعود پزیشکیان هاوکاتە لەگەڵ هەلومەرج و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بابەتی غەززە، هەروەها ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە بواری جیاوازیی سیاسی، کولتووری، ئابووری و ئەمنیدا."
 
باڵیۆزی ئێران گوتیشی، "عێراق وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و لە سیاسەتی دەرەوەی پزیشکیاندا گرنگیی خۆی هەیە، کە رایگەیاندووە سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای گرنگیی وڵاتانی دراوسێ داڕێژراوە."
 
ئال سادق هەروەها روونیکردەوە، لە سەردانەکەدا "ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکەن."
 
عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا وەکو نێوەندگیر رۆڵی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیەدا بینی.
 
بالیۆزی ئێران لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، تاران "قۆناخێکی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیەدا بڕیوە و قسە لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکەی وەکو میسر و ئوردنیش دەکرێت."
 
ئال سادق پێیوایە لەو رووەوە "عێراق دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت، وەکو چۆن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی[ی ئێران] و سعودیەدا کردی،" گوتیشی، "تامەزرۆی ئەو رۆڵەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. 
 
باڵیۆزی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بابەتی ئابووری دۆسییەکی گرنگە و لە لایەن هەردوو لا [لە سەردانەکەدا]، تاوتوێ دەکرێت، هەروەها هەندێ یاداشتی لێکتێگەیشتنی پەیوەست بە بابەتی ئەمنی و ئەوانی دیکە، لە لایەن بەرپرسانی هەردوو وڵاتەوە واژۆیان لەسەر دەکرێت."
 
ئال سادق هەروەها روونیکردەوە کە پزیشکیان سەردانی "بەغدا دەکات و لەوێ کۆبوونەوەی فەرمی دەکات، هەروەها سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان دەکات. چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر هەلومەرج لەبار بوو، سەردانی بەسرە و هەولێریش بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە