دوو نوێنەر لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق زیاد دەکرێن

 رووداو دیجیتاڵ
 
 پەرلەمانى عێراق یاسای ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق هەموار دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار دوو نوێنەرى هەرێمى کوردستان بۆ  ئەنجوومەنەکە زیاد دەکرێن.
 
سەرۆکى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، بوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان رۆڵى دەبێت لە ئاگاداربوون لە پشکى دەرمان و ناردنە دەرەوەى نەخۆشانى شێرپەنجە.
 
هەموارى یاساى ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق، لە 31ى ئابى رابردوو لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، وەک هەنگاوى بەر لە خوێندنەوەى دووەم و دەنگدان لە سەرى. 
ئەنجوومەنێک دروست دەکرێت بە ئەندامێتى نوێنەرانى 11 لایەنى پەیوەندار بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
 
بەگوێرەى هەموارەکە لە کۆى ئەو 11 ئەندامەى ئەنجوومەنەکە، دووانیان نوێنەرى هەرێمى کوردستان دەبن، یەکێکیان نوێنەرى ئەنجوومەنى شێرپەنجەى هەرێمى کوردستان و ئەوى دیکەیان پزیشکێکى پسپۆڕ، کە لە لایەن سەندیکای پزیشکانى هەرێمى کوردستانەوە دیاری دەکرێت.
 
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "یەکەمجارە بەگوێرەى ئەو هەموارە هەرێمى کوردستان ئەندامى لە ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق هەبێت".
 
یاساى ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق لە ساڵى 1985 دەرکراوە، ئەمە پێنجەم جارە یاساکە هەموار بکرێتەوە.
 
ماجید شنگالى گوتى، "بوونى نوێنەرى هەرێمى کوردستان لەو ئەنجوومەنە کاریگەرى دەبێت لەسەر ئاگارداربوون لە پشکى هەرێمى کوردستان لە دەرمانى شێرپەنجە و ناردنە دەرەوەى نەخۆشانى شێرپەنجە بۆ چارەسەر".
 
ئێستا ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق لەلایەن وەزیرى تەندروستییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت و 11 ئەندامى هەیە، ئەرکیان دەرکردنى بڕیار و راسپاردەیە لەبارەى پرسی شێرپەنجە و چارەسەرکردنى و رێکارە ستراتیژییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەى.