رووداو ناوی دامەزراوانی کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکییەکان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ناوی نزیکەی 30 هەزار دەرچووی بڵاوکردەوە کە دادەمەزرێندرێن و بەشێکیان دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن.
سەرۆکی لێژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەوانەی ناویان لە لیستەکەدا نییە دابمەزرێن".
وەزارەتی تەندروستی عێراق ناوی 29 هەزار و 882 دەرچووی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستی و پەرستارییەکانی بڵاوکردەوە کە بە ژمارەیەک لیست بۆ دامەزراندن بۆ ئەنجوومەنی فیدڕاڵیی خزمەت بەرزکرابوونەوە و ئەنجوومەنەکە رەزامەندیی لەسەر دابوون.
ئەو دەرچووانە، بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکیی ژمارە 6ـی ساڵی 2000 دادەمەزرێندرێن، لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ناوەوە و دەرەوەی عێراقن لە دامەزراوەکانی حکومی و ناحکومی.
ماجد شنگالی، سەرۆکی لێژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشێکی ئەوانەی دادەمەزرێندرێن لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن، هەوڵدەدەرێت لە ئایندەدا ئەوانەی ماون دابمەزرێندرێن، چونکە لیستەکە ناوی سەرجەم دەرچووانی تێدا نییە ئەوانەی فۆرمی دامەزراندنیان پڕکردەوە".
دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دانیشتووی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالەن.
وەزارەتی تەندروستی داوای لەو کەسانە کردووە کە ناوەکانیان هاتووەتەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کارگێڕی و دارایی و یاسایی لە وەزارەتی تەندروستی بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێککارەکانی دامەزراندن.
ئەمانەی خوارەوە ناوی دامەزراوانە:
ئەنجوومەنی باڵای خزمەتی گشتیی فیدراڵی بە نووسراوی ژمارە 50/112/6130 کە رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024 بە ناونیشانی "زۆر بەپەلە" رەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی کردووە، رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 29 هەزار و 882 کەس لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە و بەشە پزیشکی و تەندروستی و پەرستارییەکان نیشان دا.
ژمارەی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان 61 هەزار کەسە، لەو ژمارەیە 57 هەزار و 464 دەرچووى بەشە پزیشکییەکان فۆرمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتەکانی دارایی عێراق و تەندروستی رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی 29 هەزاریان داوە.