یار و نەیار داوا دەکەن دادگەیی دۆسیەى 'دزیى سەدە' بە ئاشکرا بێت

رووداو دیجیتاڵ 

شێوازى دادگەییکردنى تۆمەتبارانى 'دزیى سەدە' لە عێراق، بە قەد پارە براوەکەى، مشتومڕى لەسەر دروست بووە، عەمار حەکیم داوای کرد دادگەییکردنەکە بە ئاشکرا بێت، قەیس خەزعەلیش پاڵپشتی لە داواکەی حەکیم کرد، لەکاتێکدا تۆمەتبارێکى سەرەکى ئەو دۆسیەیەش هەمان داواکاریى هەبووە. 
 
نهێنى و وردەکایى دۆسیەى "دزیى سەدە" وایکردووە داواکاریى بە ئاشکرا بەڕێوەچوونى دادگەیی کردنى تۆمەتباران زیاتر بن، ئەو دۆسیەیەى تێیدا 3.7 تریلیۆن دینارى پارەى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى باجى عێراق لە بانکى رافیدەین برا. 
 
عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەی نیشتمانی لە کۆبوونەوەیەکى جەماوەرى پارتەکەیدا گوتى: "ئەوەى بە دزیى سەدە ناسراوە، پێویستە دادگاییکردنەکەشی دادگەیی سەدە بێت، دادگەییەکى ئاشکرا لە رێگەى پەخشى راستەوخۆوە، ئەگەر ترس هەیە ناوێک بهێندرێت، با بهێندرێت."
 
دۆسیەى "دزیى سەدە" هێشتا لە نێوان دەستەى دەستپاکیی عێراق و دادگە تایبەتمەندەکان نەگەیشتووەتە خاڵى کۆتایی، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، گەڕاندنەوەى پارە دزراوەکان بەردەوامە. 
 
5ى ئەیلوول، قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتى عەسائیبی ئەهلى حەق لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس دەڵێت: "پشتگیرى لە داواکارییەکەى عەمار حەکیم دەکەم بۆ ئەوەى دادگەیی دۆسیەى دزىی سەدە بە ئاشکرا بکرێت و لە رێگەى کەناڵەکانى راگەیاندنەوە راستەوخۆ بڵاوبکرێتەوە".
 
کاردانەوەى بەشێک لە سیاسەتڤانە شیعەکان لەسەر شێوازى دادگەییکردنەکە، دواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى ئەوە بوو، کە گوایە هەندێک لە بەرپرسان لەپشت دۆسیەکەوەن.
 
نوور زوهێر، خاوەنى کۆمپانیاى قانیت یەکێک لە تۆمەتبارانى سەرەکى ئەو دۆسیەیە لە هەڤپەیڤینێکدا داواى کرد دادگەییکردنەکەى بە ئاشکرا بێت و ناوى ئەو کەسانە دەدرکێنێت کە تێوەگلاون.
 
تائێستا دوو جار دادگەییکردنى نوور زوهێر لەسەر دۆسیەکە دواخراوە، بڕیارە دانیشتنى داهاتوو لە 27ى ئەیلوول بکرێت. 
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیاردان لەبارەى ئەوەى کە دانیشتنى دادگە بە راستەوخۆ یان بە ئاشکرا بێت بەدەستکارییەوە لە دواى تۆمارکردنى، لە دەسەڵاتى دادگە دایە و یاسا رێگەى پێداوە."