گالەری

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی بۆنە ئاینییەکانی شیعەمەزهەبەکان، بەتایبەتی لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، بازاڕی ئەنگوستیلە گەرم دەبێت، چونکە شیعەمەزهەبەکان لەپەنجەکردنی ئەنگوستیلە وەک سوننەتێکی گەورە دەبینن و دەڵێن 'پیرۆزە، بەهۆی ئەوەی خوا لە قورئاندا ناوی مرواری و مەرجانی هێناوە و' پێغەمبەر (د.خ.) و خانەوادە و خێزانی لە پەنجەیان کردووە.
 
چوار شوێنی پیرۆزی شیعەمەزهەبەکان لە عێراقدا هەن، ئەوانیش شارەکانی نەجەف، کەربەلا، سامەڕا هەروەها مەزاری ئیمام کازمن لە بەغدا.
 
تەنیا لە کەربەلا نزیکەی هەزار شوێنی تایبەت بە فرۆشتنی ئەنگوستیلە هەیە، بەگوتەی دووکاندارەکان، شارەکە یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق لەڕووی زۆریی شوێنی فرۆشتنی ئەنگوستیلەوە، بەو پێیە شوێنەکە پیرۆزە و مەزارگەی هەردوو ئیمام حوسێن و عەباسی لێیە.
 
زیارەتکاران لە کەربەلا، لەکاتی بازاڕیکردندا یەکەم شوێن کە سەردانی دەکەن، شوێنی فرۆشتنی ئەنگوستیلەیە، دەڵێن 'ئەنگوستیلەی کەربەلا پیرۆزە'، بۆیە بۆ خۆیان و بەدیاریش بۆ کەسوکاریانی دەیکڕن.
 
سەیف فارس، فرۆشیاری ئەنگوستیلەیە لە کەربەلا، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "کاتێک زیارەتکاران دێنە ئێرە، بیر لەوە دەکەنەوە شتێکی بەنرخ و پیرۆز لەگەڵ خۆیان ببەنەوە، بۆ خۆیان و کەسوکاریشیان دەیکەن بە دیاری، بۆیە سەردانمان دەکەن، ئەنگوستیلە دەکڕن و دەیبەنە نێو مەزارگە و پیرۆزی دەکەن."
 
فرۆشیارەکەی ئەنگوستیلە هەروەها دەڵێ نرخی ئەنگوستیلەکان بەپێی جۆریان جیاوازە "من لە دوو هەزار دۆلارەوە هەمە تاوەکو 40 هەزار دۆلار."
 
ئەنگوستیلەکان بەپێی ئەو کانزا و گەوهەرەی لێیان دروستکراون، هەروەها ئەو مەرجان، یاقووت، ئەڵماس و بەردە گرانبەهایەی پێی رازێنراونەتەوە نرخیان جیاوازە، هەیانە نرخی دەگاتە 10 هەزار دۆلار.
 
ئەوانەی ئەنگوستیلەفرۆشن لە کەربەلا و قسەیان بۆ رووداو کردووە، دەڵێن "بەشێکی ئەنگوستیلەکان لە تایلەند دروست دەکرێن و بەشێکیشیان کاری دەستین و لە کەربەلا دروستدەکرێن."