رووداو دیجیتاڵ
لە شاری خورماتوو هاونیشتمانییە شیعە مەزهەبەکان خۆیان بۆ پێشوازی لە یادی چلەی ئیمام حوسێن ئامادە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لە بازاڕ، کۆڵان و ماڵاندا، ئاڵای رەنگاوڕەنگیان هەڵکردووە کە گوزارشت لەو یادە دەکات.
خورماتوو قەزایەکی کوردستانییە و خراوەتە سەر پارێزگای سەلاحەدین، لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017وە زۆربەی ئەو خانووانە تەقێندرانەوە کە هاونیشتمانیان خاوەنیان بوون، تاوەکو ئێستاش سەدان کوردی ئەو شارە ئاوارەن و زێدی خۆیان جێهێشتووە. بەشێک لە ئاڵاکان لەو دووکان و خانووانەدا هەڵکراون کە تەقێندراونەتەوە و تاوەکو ئێستاش نۆژەن نەکراونەتەوە.
لە خورماتوو، کورد، عەرەب و تورکمان دەژین، کە لە هەر سێ نەتەوەکە سوننە و شیعە هەن.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئیمام حوسێن کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێت) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەش دەکەن، کوژرانی ئیمام حوسێن کۆتایی بە ململانێی نێوان ئیمام حوسێن و یەزیدی کوڕی موعاوییە و لایەنگرانی هەردوولا هێنا، چونکە ئیمام حوسێن دانی بە خەلافەتی یەزید-دا نەدەنا و هەوڵی رووخاندنی دەدا.
مەراسیمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.