سوپاسالاری عێراق بۆ دەنگدەر و بەربژێران: دەتانپارێزین و رێگە بە دەستوەردانی چەکداری نادەین

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، هێرش و پەلامارەکانی چەکدارانی داعش زیادیانکردووە؛ پاراستنی ئاسایشی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ناوەندەکانی دەنگدان و رێگریکردن لە هەر هەڕەشە و پەلاماردانێک، یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی عێراق و سوپا و دەزگا ئەمنییەکان.
 
محەممەد نووری عەبد رەبە، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێت، "لە هەندێک ناوچە لاوازیمان هەیە لە هێزە ئەمنییەکاندا، هەندێک بۆشایی و کەلێنی ئەمنی هەن و پێشێلکارییان تێدا دەکرێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەندێک ناوچە ئاسانن بۆئەوەی دووژمن دزەیان لێوە بکات. بۆیە ئەگەر ئێستا هێزە ئەمنییەکان هێرشیان بکرێتە سەر، ئەوا لە داهاتوودا خەڵک و کارمەندانی کۆمیسیۆنیش هێرشیان دەکرێتەسەر، بەمەش کۆی گشتیی کۆمەڵگە دەکەوێتە بەر هەڕەشە، ئەمەش رەنگدانەوەی خراپی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و لیستەکانی هەڵبژاردن دەبێت. هیوادارین حکومەت ئەمە کۆنترۆڵ بکات و رێگری لە هێرشەکانی داعش و تاوانەکان بکات".
 
رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام یەکێکە لە ستوونە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن، لەپێناو گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەڕووی ئەمنییەوە، کە بڕیارە 10ی مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت. لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن جەخت لەوە دەکاتەوە، رێکارە ئەمنییەکانیان تەواو کردووە بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە رێکوپێکی. سوپاسالاری عێراق دەڵێت، بەربژێر و دەنگدەران پارێزراو دەبن.
 
فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق رایگەیاند، "سەرجەم هێزەکان بە هەموو ناوەکانیانەوە ئامادەن ناوەندەکانی دەنگدان بپارێزن. پەیام دەدەینە هەمووان، جا هاووڵاتیان یان بەربژێران بن، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەمووتان دەپارێزین و رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی چەکداری نادەین، کە کاریگەری بکاتە سەر دەنگدەران لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی دیکەوە، هیچ دوودڵی و نیگەرانییەک لەبارەی ئاسایشی ناوەندەکانی دەنگدان نییە. ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوامین، لێرە و لەوێ هەر جووڵەیەک هەبێت، هێزەکانمان دەتوانن مامەڵەی لەگەڵ بکەن و وەڵامی بدەنەوە".
 
لە هەر وێستگەیەکدا 450 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن. هێزە ئەمنییەکانیش 48 کاژێر پێش دەنگدانی گشتی لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.  بۆ پاراستنی پرۆسەکە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهاتووە و لە کارەکانی بەردەوامە.
 
لەو هەڵبژاردنەدا 21 هاوپەیمانی و سێ هەزار و 249 بەربژێر بەشدارن، کە کێبڕکێ دەکەن لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان، کە 9یان کورسیی کۆتایی پێکهاتەکانن.