مافی دەستکەوتنی زانیاری لە عێراق، رەشنووسێکی 'پڕ لە مینی چێنراو'

رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو خوێندنەوە، رەشنووسی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە عێراق تەنیا پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە ماوە. بەشێک لە رۆژنامەڤانانی عێراق پێیانوایە رەشنووسەکە "ئازادیی بڵاوکردنەوە و دەستگەیشتن بە زانیاری سنووردار دەکات، کێ زانیاریی بووێت دەبێت پارە  بدات." سەرۆکی سەنتەرێکی ماف و ئازادییەکانی رۆژنامەڤانی دەڵێت: "رەشنووسەکە مینی چێندراوی تێدایە."
 
لە 20 رۆژدا و بە دوو قۆناخ زانیاری دەدرێت
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی دووەم بۆ رەشنووسی یاسای "مافی دەستکەوتنی زانیاری" کرا و و راپۆرتی تایبەت بە رەشنووسەکە، ئێستا رەشنووسەکە تەنیا پەسندکردنی ماوە کە لەماوی کەمی داهاتوو ئەمە دەکرێت.
 
رەشنووسەکە لە 18 مادە پێکدێت، رۆژنامەڤانان زۆرترین سوودی لێوەدەرگرن بۆ داواکردنی زانیاری، بەڵام 13 خاڵی تێدایە نابێت زانیارییان لەبارەوە بدرێت، چوار خاڵی دیکەش هەیە فەرمانبەری پەیوەست دەتوانێت پێدانی زانیاری لەبارەیانەوە رەتبکاتەوە.
 
رەشنووسەکە بە پاساوی "دەستەبەرکردنی زانیاری لە چوارچێوەی دەستوور، شەفافیەت، سوود گەیاندن بە کۆمەڵگەی مەدەنی، پشتیوانیکردنی توێژینەوەی زانستی، بەهێزکردنی ئازادیی راگەیاندن و پشتیوانیکردنی ئازادی بیروڕا."دا نووسراوەتەوە.
 
بەپێی رەشنووسەکە بەڵگەنامەی نهێنی، وا پێناسەکراوە کە ئەو بەڵگەنامانەیە کە نابێت بدرێت و ببینرێت، چونکە راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی دەوڵەت یان ئابووریی نیشتمانی یان ئاشکراکردنی زیان دەگەیێنێت.
 
بەپێی مادەی سێی رەشنووسەکە بۆ جێەجێکردنی یاساکە، بەڕێوەبەرایەتییەک بەناوی فەرمانگەی زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دادەمەزرێت و راستەوخۆ پەیوەستە بە سەرۆکی کۆمیسیۆنەوە.
 
هەموو عێراقییەک دەتوانێت داوای زانیاری لە رێگەی ئەو یاسایە بکات، کەسانی بیانیش دەتوانن ئەگەر بۆ بەرژەوەندییەکی رەوا بێت.
 
پێدانی زانیاری بە هەر کەسێک بیەوێت، بەپێی رەشنووسەکە 20 رۆژی دەوێت، لە مادەی هەشتەمی رەشنووسەکە وا روونکراوەتەوە دەبێت لەماوەی 5 رۆژدا لە داواکردنەکەوە، تەماشای داواکە بکرێت، ئەگەر وەڵامنەدرایەوە واتە داواکە رەتکراوەتەوە.
 
قۆناخی دووەمیش لە مادەی نۆیەمیدا روونکراوەتەوە، کە دەبێت دوای رەزامەندیی پێدانی زانیارییەکە، لە ماوەی 15 رۆژدا زانیارییەکە بەردەست بخرێت، ئەو ماوەیە تەنیا بۆ یەکجار درێژدەکرێتەوە کە بۆ حەوت رۆژە، ئەگەر داواکارییەکە ژمارەیەکی زۆری زانیاری تێدابێت، یان فەراهەمکردنی پێویستی بە پەیوەندیکردنە بە لایەنی دیکەوە.
 
بەڵام ئەگەر زانیارییەکە بۆ پاراستنی کەسێک یان ئازادییەکەی پێویست بوو، پێویستە زانیارییەکە لە سێ رۆژدا بدرێت، دەشبێت بۆ سێ رۆژی دیکەش درێژبکرێتەوە، ئەگەر داواکە ژمارەیەک زانیاریی زۆری تێدا داواکرابوو، یان گەیشتن بە زانیارییەکە پێویستی بە پەیوەندیکردن بوو بە لایەنی دیکەوە.
 
زەینەب رەبیع، سەرۆکی سەنتەری نەخیل بۆ ماف و ئازادییەکانی رۆژنامەڤانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رەشنووسەکە زۆر خاڵی تێدایە بە مینی چێندراوی هەژمار دەکەین، هەرچەندە ئێمە لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان پەیوەندییمان هەیە و ئاگادارین، ئێمە دەمانەوێت رەشنووسەکە ببێتە یاسایەک خزمەت بە هاووڵاتیان بکات، بەتایبەت رۆژنامەنووسان بۆ وەرگرتنی زانیاریی، نەوەک ببێتە هۆکارێک بۆ دانانی کۆسپ لەبەردەم گەیشتنیان بە زانیاری، ئەوەی ئێستا لە رەشنووسەکە هەیە کۆسپ دانانە."
 
سەرۆکی سەنتەری نەخیل بۆ ماف و ئازادییەکانی رۆژنامەڤانی پێیوایە دەبوایە جێبەجێکردنی یاساکە درابوایە لایەنێکی بەهێزتر لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ: "چونکە کۆمیسیۆنەکە خۆی هەڵوەشاوەتەوە و کێشەی تێدایە."
 
"17مین"ـەکەی بەردەم پێدانی زانیاری
 
لەکۆی 18 مادەی رەشنووسەکە، رۆژنامەڤانان پتر لە مادەکانی 11 و 12 نیگەرانن، بەو دوو مادەیە 13 خاڵ هەیە زانیارییان تێدا نادرێت، 4 خاڵیش هەیە فەرمانبەری پێدانی زانیاری دەتوانێت پێدانی زانیاریی رەتبکاتەوە.
 
ساتع عەممار، راوێژکاری کۆمەڵەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەڤانی لە عێراق، بە رووداوی گوت: "ئەو خاڵانە و بوونی ئاماژە بۆ پرسی ئادابی گشتی و خاڵی لاستیکی و پێناسەی نادیار و ناڕوونی چەمکەکان، مەترسین لەسەر ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەڤانی." هەروەها ئەو راوێژکارە باسی لەوەشکردووە: "کۆمەڵێک لەو خاڵانەی دیاریکراون و نابێت زانیارییان لەبارەوە بدرێت، گەورەترین ئاریشەی دەستکەوتنی زانیارییە."
 
بەپێی مادەی 11ـی رەشنووسی یاساکە، لەم بابەت و بوارانەدا زانیاریی نادرێت:
 
1- هێزەکانی چەکدار و بەرگری لە وڵات و ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەکی.
2- پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەکانی نێودەوڵەتی.
3- بەڵگەنامە نهێنییەکان.
4- گفتوگۆکانی نێو ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەکانی وەزاری و گفتوگۆکانی تایبەت بە کارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناپەیوەست بە وەزارەتەوە.
5- زانیاری و پەیوەندییە کەسییەکانی پەیوەست بە کەسانی ئاسایی و مەعنەوی
6- راسپاردە یان پێشنیاز و راوێژەکانی دەدرێن بەمەبەستی بڕیاردان.
7- ئەو زانیاری و نامەگۆڕینەوانەی مۆرکی کەسی یان نهێنییان هەیە، جگە لە کەسانی خاوەن ئەو زانیاری و گۆڕینەوەی پەیامانە خۆیان نەبێت.
8- ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردنیان دەبێتە هۆی کارتێکردن لە دانوستاندنەکانی نێوان عێراق و وڵاتێکی دیکە.
9- لێکۆڵینەوەکانی کارگێڕی و سزا.
10- ئەو زانیارییانەی مۆرکی بازرگانی یان پیشەسازی یان دارایی یان ئابووریان هەیە، ئەو زانیارییانەشی پەیوەستن بە بەخشین یان توێژینەوە زانستی و تەکنەلۆژییەکان کە ئاشکراکردنیان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە مافی نووسەر یان موڵکایەتیی فیکری یان رکابەرایەتیی دادپەروەرانە و رەوا، یان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە مافەکانی خاوەکانیان.
11- ئەو زانیارییانەی دەبێتە هۆی کارلێکردن لە رێڕەوی لێکۆڵینەوە یان رێککارەکانی دادگاییکردن.
12- گرێبەستەکانی کەمکردنەوە یان زیادکردن.
13- ئەو زانیارییانەی یاسا بەرکارەکان قەدەخەی ئاشکراکردنیان دەکەن.
 
بەپێی مادەی 12ـی رەشنووسی یاساکەش، فەرمانبەری تایبەتمەند بە پێدانی زانیاری، دوای رەزامەندیی سەرۆکی باڵا، دەتوانێت ئەم زانیارییانە نەدات:
1- گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە نرخی موڵکەکانی حکومەت لە پشک و پارە گواستراوە و نەگواستراوەکان.
2- گرێبەست و ئەو کەمکردنەوانەی لایەنە حکومییەکان دەیانەوێت بیکەن.
3- ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە کارەساتەکانی سرووشتی یان نەخۆشییە گواستراوەکانەوە هەیە.
4- ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردنیان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەلامەتیی تاکەکەسەکان یان زیانپێگەیاندنیان.
 
"13 زانیاری دەبێت دەزگا ئەمنییەکان ئاشکرای بکەن"
 
زەینەب رەبیع، مەترسیی خۆی ناشارێتەوە، لەرێگەی یاساکەوە کار بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەو ئازادییە بکرێت کە تاڕادەیەک پەراوێزی بۆ دروستبووە لەدوای ساڵی 2003، ئەو دەڵێت :"ئومێد دەکەین یاساکە نەبێتە پاساوێک بۆ ئەوەی ئازادیی رۆژنامەڤانی زیاتر بەرتەسک بکرێتەوە."
 
بەپێی مادەی 13ـی رەشنووسی یاساکە ئەو زانیارییانەی دەبێت هێزە ئەمنییەکان بیدەن، ئەمانەن: 
 
1- پەیکەری رێکخستن و پەیڕەوی نێوخۆیان.
2- وەسفی ئەرکەکانی کارەکان.
3- ئەرکی بەڕێوەبەرانی گشتی و پۆستە کارگێڕییەکانی سەرووتر.
4- رێککارەکانی تایبەت بە کارەکانیان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی دەکەن.
5- بڕیارەکانی کارگێڕی کە کاریگەریی لەسەر کاروباری هاووڵاتییان هەیە.
6- رێککارەکانی پەیوەست بە دەستکەوتنی زانیاری.
7- راپۆرتی ساڵانەی پەیوەست بە دەستکەوتەکانەوە.
8- بودجە و ژمێرەی کۆتایی.
9- باڵانس و موڵکەکانی گواستراوە.
10- موڵکەکانی خانووبەرە، موڵکەکانی تایبەت، موڵکەکانی بەکرێ.
11- رێبەری پارێزگاری لە بەڵگەنامەکان.
12- پڕۆژە تەواوکراوەکان و ئەوانەشی دەکرێن.
13- رێککارەکانی دامەزراندن.
 
مادەی 14ـی پڕۆژەیاساکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر کەسێک زانیاریی پێنەدرا رێککاری چی بگرێتەبەر، بەپێی ئەو مادەیە لیژنەیەکی تایبەت لە هەر وەزارەت یان لایەنێکی ناپەیوەست بە وەزارەتەوە دروستدەکرێت بۆ تەماشاکردنی ئەو ناڕەزایەتییانەی لەلایەن زیانلێکەوتووەوە هەیە لە بڕیاری رەتکردنەوەکە. دەبێت لە دوای 30 رۆژ لە رەتکردنەوەی، ئەو لایەنە لە ماوەی 10 رۆژدا تەماشای تانەکە بکات، لە دوای 10 رۆژەکەش دەکرێت لە دادگەی کارگێڕی بڕیارەکە تانەی لێبدرێت.
 
بۆ وەرگرتنی زانیاری دەبێت داواکار بڕە پارەیەک بدات، کە دواتر بە رێنوێنی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بڕی پارەکە دیاری دەکرێت.
 
بەڵام راوێژکاری کۆمەڵەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەڤانی لە عێراق، گوتی: "ئەو رێککارەی دانراوە بۆ کەسێک کە زانیاریی پێنەدرا هەرچییەک بکات لاوازە، چونکە تانەدان لە بڕیارەکە کات و خەرجیی زۆری دەوێت و وا دەکات کەسەکە لە داواکەی زوو پاشگەز ببێتەوە."
 
سزای بڵاوکردنەوەی زانیارییەک کە بۆ بڵاوکردنەوە نییە، چییە؟
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، باس لەوە دەکات کە رەشنووسەکە لە قۆناخی یەکەمیدا بۆ عێراق گرنگە و رووداوی گوت: "هیچ نەبێت لەم قۆناخەدا پێدانی زانیاری و وەرگرتنی بەپێی یاسا رێکدەخات، ئەگەر بەتەواوەتیش نەبێت، بۆیە دەبێت ئەم دەرچەیە بقۆزرێتەوە و بە خاڵێکی ئەرێنی تەماشا بکرێت."
 
بەپێی رەشنووسەکە هەرکەسێک سەرپێچی ئەو حەوت خاڵەی خوارەوە بکات، بە بەندکردن لە ساڵێک زیاتر نەبێت و پێبژاردن سزا دەدرێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە 
1- ئەگەرئەو زانیارییەی بڵاویکردەوە کە بەپێی مادەی 11 نابێت بڵاوی بکاتەوە.
2- ئەگەر بە ئەنقەست زانیاری نەدات، تەنیا ئەگەر رێگریکردنەکە بەهۆکاری گونجاو و قایلکەر بێت.
3- ئەگەر بە ئەنقەست زانیارییەکانی شاردەوە.
4- بە ئەنقەست زانیاریی نادروست بدات.
5- بەڵگەنامە یان زانیارییەک لەناوببات بەمەبەستی پێنەگەیشتنی.
6- پەکخستنی دەستکەوتنی زانیاری یان درێژکردنەوەی رێککارەکان بەبێ پاساو یان دەستوەردان لە کاری فەرمانبەری پێدەری زانیاری بەمەبەستی رێگری لێکردنی.
7- پێدانی زانیاریی نهێنی یان ئاشکراکردنی ئەگەر ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی یان ئابووریی وڵات.