وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە 6 مانگی ئەم ساڵدا 10 هەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لە پڕۆسەی بنبڕکردنی تاوانی رێکخراو بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، ژمارەی تاوان بەراورد بە 6 مانگی سەرەتای پار 23% زیادی کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری تاوانە رێکخراوەکانی 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەم 6 مانگەدا وەزارەتەکەیان توانیویەتی 640 بازرگانی هۆشبەر دەستگیربکات کە 140ـیان بە لە سێدارەدان و 500ـیشیان بە سزای تاهەتایی سزا دراون."
 
سەبارەت بە ئاماری تاوانە جۆراوجۆرەکانی دیکە، میقداد میری ئاماژەی بەوەدا: "لەو ماوەیەدا؛ 42 تیرۆریست، 96 کەس بە تۆمەتی ساختەکردنی پارە و بەڵگەنامە، 150 کەس بە تۆمەتی دزینی شوێنەوار، 13 کەس بەهۆی تاوان لە شەڕە خێڵەکییەکاندا، 247 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، 150 کەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و 1365 کەسیش بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج دەستگیرکراون."
 
میری دەڵێت: "8720 تۆمەتباری دیکەش دەستگیرکراون کە پێکدێن لە تۆمەتبارانی بە قاچاخ هێنانی دەرمان، کەلوپەل و خواردنەوەی کحولیی نایاسایی و کردنەوەی سەنتەری جوانکاری، دەرمانخانە، کارگە و تاقیگەی بێمۆڵەت و نایاسایی؛ لەگەڵ چەندین تاوانباری دیکە."
 
کۆی گشتی تۆمەتبارانی دەستگیرکراو لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 10783 کەسن، وەک گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "نیوەی یەکەمی پار 8167 تۆمەتبار دەستگیرکران، ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەنجامدانی تاوانی رێکخراو بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 23% زیادیکردووە."