کۆمیسیۆن بۆ پەرلەمان: بۆ شوێنگرەوەی غاندی کەسنەزانی پەلە مەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا لە پەرلەمان دەکات لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشتری تایبەت بە دیاریکردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارێک پەلە نەکات و دەڵێت، پەڵپ و ناڕەزایەتی هەیە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ سیشەممە لەبارەی شوێنگرەوەی پەرلەمانتار غاندی محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانی، برای شێخ نەهرۆ کەسنەزانی ئاراستەی ئەمیندارێتیی گشتیی پەرلەمانی عێراقی کردووە، دەڵێت، "دوای پەڵپگرتن و ناڕەزایەتی لەبارەی بەربژێری شوێنگرەوەی پەرلەمانتاری کۆچکردوو غاندی کەسنەزانی، بابەتەکە خراوەتە بەردەستی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و هێشتا لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، بۆیە پەلە مەکەن لەو نووسراوەی تایبەت بەو بابەتە پێشتر بۆمان ناردوون".
رۆژی 4ـی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی کردووە، بەربژێرێکی بە ناوی ئەحمەد عەبد حەمادی مەساری کە ژمارە 58ـی لە لیستی هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننەکانی هەیە و 4 هەزار و 337 دەنگی لە هەڵبژاردنی 2021 بەدەستهێنابوو، بە شوێنگرەوەی غاندی محەممەد کەسنەزانی دیاریکرد. کەسنەزانی رۆژی 28ـى تەممووز کۆچى دواییکرد.
سەرچاوەیەک لە پارتی تەقەدوومی سوننەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی بە رووداوی گوت، "کێشەکە لەنێوان دوو کەسدایە کە محەممەد کەربوولی و ئەحمەد مەساریین. یەکێکیان لەسەر هەمان بازنە زۆرترین دەنگی وەک بەربژێری سەرنەکەوتوو بەدەستهێناوە و ئەوی دیکەشیان لەسەر ئاستی هاوپەیمانێتییەکە وەک بەربژێری سەرنەکەوتوو زۆرترین دەنگی هێناوە".
غاندى کەسنەزانى لە ساڵى 2021 بووە پەرلەمانتار و ئەندامى فراکسیۆنى موبادەرەى سوننە بوو. ئەو پەرلەمانتارە لەدایکبووى ساڵى 1972، کوڕى شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانى، رێبەری پێشووى تەریقەتی قادری– کەسنەزانی بوو.
غاندى کەسنەزانى کورد و بڕوانامەى دکتۆراى لە یاسای نێودەوڵەتى هەبوو.