رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە سەرجەم پڕۆژەکان و خەرجکردنى بودجەکانیانى راگرت، لیژنەیەکیشی بۆ وردبینى لەو پڕۆژانە پێکهێنا کە لە سێ مانگی رابردوودا بڕیاریان لێ دراوە.
ئەو بڕیارانە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنەکە رۆژی دووشەممە 05-08-2024 دران، کە لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەن، 13ـیان ئامادە بوون.
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیاری دا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ وردبینیى ئەو پڕۆژانەى لە یەکى ئایار تاوەکو یەکى ئاب لەلایەن حکومەتی خۆجێیی شارەکەوە بڕیاریان لێدراوە، واتە لەو ماوەیەی ئەنجوومەنە کۆنەبووەتەوە بۆ ئەوەى رۆڵى چاودێریی خۆى ببینێت."
ئەوس مەهداوى گوتى "تێبینی لەسەر هەندێک لەو پڕۆژانە هەیە، ئەوەى گومانى لەسەر بێت، دەدرێتە دەستەى دەستپاکیى عێراق."
ئەو پڕۆژانەى وردبینییان تێدا دەکرێت لەو ماوەیەدا بڕیاریان لێدراوە، کە موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشوو کاروبارى پۆستەکەى بەڕێوەبردووە. تەمیمی یەکێک بوو لەو دوو ئەندامەى بایکۆتى کۆبوونەوەى یەکى ئابى ئەنجوومەنەکەیان کرد لە بەغدا، کە تێیدا حکومەتى خۆجێیی شارەکە هەڵبژێردرا.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە گوتی "یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى ئەنجوومەن؛ راگرتنى سەرجەم پڕۆژەکان و خەرجکردنى بودجەکانیانە لە یەکى ئاب تاوەکو و ئەو کاتەى پارێزگار بە فەرمى دەستبەکار دەبێت و، مەرسوومى کۆمارى بۆ دەردەچێت، کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژى داهاتوودا بێت."
رۆژی یەکى ئابی 2024 عەدنان شەمەرى بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە بەرەى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. هاوکات عومەر کوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ