عێراق زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشکارانی سەر بنکەی عەین ئەسەد ئاشکرا دەکات

رووداو  دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێ، زانیارییان لەسەر ئەو کەسانە دەستکەوتووە کە هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، دەشڵێت دەستیان بەسەر هەشت مووشەکدا گرتووە کە بۆ هێرشەکە ئامادەکرابوون.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر بنکەی عەین ئەسەد بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کاژێر 09:00ـی رۆژی 5ـی ئابی 2024، دەستدرێژییەک کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدی عێراقی لە پارێزگای ئەنبار، کە لە هەندێک بەشیدا ژمارەیەک لە راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەن. هێرشەکە بە دوو مووشەک لەسەر ئۆتۆمبێلێکەوە کراوە لەنێو قەزای حەدیسە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کیادا گرت. ئۆتۆمبێلەکە ژمارەیەک مووشەکی لە کۆی ئەو 10 مووشەکەی لەسەر بوو، بۆ هێرشەکە ئامادەکرابوون، بەڵام لەلایەن تیمەکانی چارەسەریی ئەندازەییەوە هەڵوەشێندرانەوە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەگەڵ ئەوەی جەخت لە سەروەریی و سەربەخۆیی عێراق دەکاتەوە، دەشڵێت "هەموو دەستدرێژییەک چ لەنێو عێراق یان لە دەرەوەی بێت و بکرێتە سەر خاک و بەرژەوەندییەکانی عێراق، لە هەر لایەکەوە بێت، رەتدەکەینەوە، هەموو ئەو ملهوڕییانە رەتدەکەینەوە کە بنکەکانی عێراق، نێردە دیپلۆماسییەکان و شوێنەکانی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج و، دەبنە هۆی زیادکردنی پشێوییەکانی ناوچەکە، یان راکێشانی عێراق بۆ نێو دۆخ و لێکەوتەی مەترسیدار یان زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەگەیەنن."
 
شانەکە رایگەیاندووە لایەنە ئەمنییەکان گەیشتوون بە زانیاریی ورد لەبارەی ئەو کەسانەی ئەو هێرشەیان کردووە و گەڕان بەدوایاندا دەستیپێکردووە، دەشڵێت "لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو ناوچەیە و نزیکی، لە سەرکردە و فەرماندە و ئەفسەران دەکرێت."
 
شانەی راگەیاندنی عێراق رەتیکردووەتەوە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان، تێکەڵکردنی کاخەزەکان و راکێشانی بۆ نێو شەڕ و لێکەوتەی ناکۆکییەکان.
 
شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار، گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێران)، هێرشەکەی لە ئەستۆی گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.
 
هێشتا بەدیاریکراوی نازاندرێت لە هێرشەکەدا چەند سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، بەڵام بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، لانیکەم حەوت سەرباز و کەسی سڤیل لە هێرشەکەدا برینداربوون، بەگوتەی بەرپرسێکی ئەمریکا کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە، لانیکەم پێنج لەوانەی برینداربوون، سەربازی ئەمریکی بوون.