لە بەغدا ژمارەیەک داواکراوی داعش دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باشووری شاری بەغدا، ژمارەیەک داواکراویان دەستگیر کردووە، هەروەها دەستیان بەسەر چەندین تەقەمەنی و کەرەستەی تەقینەوەدا گرتووە.
سێشەممە 6ی ئابی 2024 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو پلانانەی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە دەوروبەری پایتەخت داڕێژراون، یەکەکانی فیرقەی حەوتی پیادە و یەکەی تایبەت و دەزگا ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە گوند و ناوچەکانی باشووری پایتەخت کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەک تۆمەتبار و داواکراو دەستگیر کراون. هەروەها دەستگیراوە بەسەر کۆمەڵێک تەقەمەنی و کەرەستەی تەقینەوەدا، کە پاشماوەی چەکدارانی داعش بوون."
فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، بۆیە ئامانجیان پتەوکردنی ئەمنییەتی شارەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆرە، "بۆئەوەی گیانی هاووڵاتییان و زیارەتکاران پارێزراو بێت."
شانە نووستووەکانی داعش لە چالاکی بەردەوامن. بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ، کە سەنتەرێکی عێراقییە، لە ساڵی 2023دا داعش 189 هێرشی لە ناوچە جیاجیاکاندا کردووە.