گرووپێکی نوێ هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەدی لەئەستۆگرت

رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی چەکداریی نوێ کە خۆیان بە بەشێک لە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، هێرشەکەی سەر هێزەکانی هاوپەیمانانی لە بنکەی عەین ئەسەد لەئەستۆگرت، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کارمەند و سەربازی ئەمریکی.
 
شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار، هێرشەکە گرووپێک بەناوی سەوریون (شۆڕشگێران)، لە ئەستۆی گرت کە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق" ناساندووە.
 
گرووپەکە رایگەیاند "کردنەئامانجی بنکەی عەین ئەسەدی سەر بە ئەمریکای داگیرکەر لە شەوی دووشەممە بە ژمارەیەک مووشەک و درۆن رادەگەیێنین، جەخت دەکەینەوە هێرشەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو دەرچوونی دوایین سەربازی ئەمریکی لە خاکی عێراقی خۆشەویستمان."
 
هێشتا بەدیاریکراوی نازاندرێت لە هێرشەکەی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆی سەر بنکەکە، چەند سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، بەڵام بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، لانیکەم حەوت سەرباز و کەسی سڤیل لە هێرشەکەدا برینداربوون، بەگوتەی بەرپرسێکی ئەمریکا کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە، لانیکەم پێنج لەوانەی برینداربوون، سەربازی ئەمریکی بوون. 
 
هێرشەکە لە کاتێکدا هات؛ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم ئەگەری فراوانبوونی گرژییەکاندایە و ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن بۆ ئەوەی تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵا بکەنەوە. 
 
لەنێوان تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو تاوەکو کانوونی دووەمی ئەمساڵ، واتە لە مانگەکانی سەرەتای جەنگی غەززەدا، ئەو گرووپانەی خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتووە. 
 
بەگوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی واشنتن (Washington Institute)، ئەوە 189ـیەمین هێرش بوو لە سەرەتای جەنگی غەززەوە کرابێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە. 
 
ئەو هێرشانە هەموویان بۆ سەر بنکەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان بوون، تەنیا یەکێکیان نەبێت کە بنکەیەکی سەر سنووری ئوردنی کردە ئامانج. 
 
لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکاش، چەندینجار بنکەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.