هۆزێک لە دیالە فەرمانگە حکومییەکانی شارەبان دادەخەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی هۆزی بەنی تەمیم، فەرمانگە حکومییەکانی قەزای شارەبان دادەخەن و داوای پۆستی پارێزگار و هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەکەن.
عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمشەو بەشێک لە ئەندامانی هۆزی بەنی تەمیم وەک دەربڕینی ناڕەزایی کە پۆستی پارێزگاری دیالە لەوان هەڵنەبژێردراوە، زۆربەی دام و دەزگا حکومییەکانی قەزای شارەبانیان داخستووە و مانگرتنیان راگەیاندووە.
خۆپێشاندەران پۆستەریان لەسەر دیواری فەرمانگەکان داوە، تێیدا نووسراوە "بەناوی گەلی ستەملێکراو، فەرمانگە و دامەزراوەکانی دیالە داخراون."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتی، داخستنی فەرمانگەکان تەنیا لە قەزای شارەبانە، ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، چوونەتە شارەبان بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵدا بکەن.
درەنگانێکی شەوی 01-08-2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکەى هەڵبژارد، پارێزگارى پێشوو بەشداریی کۆبوونەوەکەى نەکرد کە یەکێک بوو لە بەربژێرانى ئەو پۆستە، ئەویش بەهۆى ناڕازیبوونى هۆزەکەى لەو کۆبوونەوەیە.
لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان جایر، بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە بەرەى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. هاوکات عومەر ئەلکوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
سالم تەمیمیش لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە، وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب، وەک جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵ وەک جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە، 10 ئەندامیان بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد کە درەنگى شەوى یەکى ئاب لە بەغدا کرا.
دیارترین ئەو ئەندامانەى بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد، موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشووە کە ئێستا لە فراکسیۆنى دیالەتونا ئەندامى ئەنجوومەنە و بەربژێر بوو بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار.