پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەستلەکار دەکێشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێک دەڵێت، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 06-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق تەمەنی گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی و بۆیە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سوودانی دەتوانێ دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند نەکات و رێگە بدات زیاتر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
رۆژی 01-08-2024، ئەنجوومەنی دەوڵەت نووسراوێکی بۆ پەرلەمانی عێراق کرد و تێیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی بەردەوامیی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە پۆستەکەی دەربڕی، دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە تەمەنی خانەنشین بوون.
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق، تەمەنی هاووڵاتی بۆ خانەنشین بوون 60 ساڵە.
بە گوتەی سۆران عومەر، ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونی ئەوە بووە دەبێت پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق خانەنشین بێت.
لەنێو پەرلەمانی عێراقیش ناڕەزایی لە کارەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق هەیە.
محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق پێویستە، بەهۆی دۆخی ئابووریی وڵاتەوە، لەوانە شێوەی مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی دۆلار و نەگرتنەبەری رێکاری پێویست لە بەرامبەر سەپاندنی سزا بە سەر کۆمەڵێک بانکی عێراقییدا.