لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتی کۆدەکرێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتی کۆدەکرێتەوە و تاوەکو مووچەکانیان زیاد بکرێت و نەخۆشیش بگرێتەوە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، ئامانج لە هەموارەکە ئەوەیە خەڵکێکی زیاتر بگرێتەوە.
 
یاداشتی هەمواری یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2014 پاراستنی کۆمەڵایەتی لەلایەن پەرلەمانتار ئەحمەد شەرمانی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە ئامادەکراوە و واژۆی بۆ کۆکردووەتەوە. تێیدا داواکراوە، خشتەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی هەموار بکرێتەوە، پارەی مانگانەیان زیاد بکرێ، بە جۆرێک لەگەڵ دۆخی ئابووری و گوزەرانی کەسانی کەمدەرامەت بگونجێ.
 
هەروەها داوا دەکات پێداچوونەوە بە سوودمەندبووانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بکرێت و هاوکارییەکان زیاد بکرێن، ئەوانەش بگرێتەوە کە نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەرە و پارەی پێویستیان بۆ چارەسەر نەخۆشییەکەیان نییە. 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامانج لە هەموارکردنەوەکە ئەوەیە خەڵک و چینی زیاتر بگرێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی دۆخی داراییان خراپە. یاداشتی هەموارەکە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
 
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی دەڵێت، "یاساکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان یاسای تایبەتی خۆی هەیە کە لە ساڵی 2011وە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە."
 
بە گوێرەی یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتی ژمارە 11ی ساڵی 2014، ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە بریتین لە نیڤشکانان، کچانی بەتەمەن، بێسەرپەرشت، پەککەوتە، ئەو ژنانەی هاوژینیان لەدەستداوە، خێزانی زیندانیان کە ماوەی سزاکەیان لە ساڵێک زیاتر بێت و بڕیارەکە پلەی کۆتایی هەبێت، نێوجەوانانی سزادراو ماوەی سزاکەیان لە ساڵێک زیاتر بێت و پلەی کۆتایی هەبێت، ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە یان ئەوانەی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
 
بڕی یارمەتییەکە بەپێی دۆخی هەر خێزانێک دەگۆڕدرێت؛ خێزانی دوو کەسی 210 هەزار دینار، خێزانی سێ کەسی 315 هەزار دینار، خێزانی چوار کەسی و بەسەرەوە، 420 هەزار دینار وەردەگرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە 6 مانگی ئەم ساڵدا 10 هەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لە پڕۆسەی بنبڕکردنی تاوانی رێکخراو بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، ژمارەی تاوان بەراورد بە 6 مانگی سەرەتای پار 23% زیادی کردووە.