ئەم ساڵ 4470 کەس لە زیندانەکانی عێراق ئازاد کراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو نزیکەی 700 زیندانی لە گرتووخانەکانی عێراق ئازاد کراون، 78یان ئافرەت بوون، ژمارەی ئازاد کراوانیش لە حەوت مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 4470 ئازادکراو.
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی عێراق، کە سەر بە وەزارەتی دادی عێراقە، رایگەیاند، "مانگی تەممووز 689 زیندانی ئازاد کراون، کە 78یان ئافرەت بوون و 127یشیان مێرمنداڵ بوون."
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 562 بەندکراو دوای پێداچوونەوە بە سزاکانیان یان تەواوکردنی ماوەی زیندانییان، ئازادکراون، بەوەش ژمارەی ئەوانەی لە حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا ئازاد کراون گەیشتووەتە 4470 کەس.
بەپێی وەزارەتی دادی عێراق، بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوون بۆ میکانیزمەکانی ئازادکردنی ئەو گرتووانە دەکات کە ماوەکانی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، کاریش دەکات بۆئەوەی بە زووترین کات و بێ دواکەوتن لە گرتووخانەکان دەربکرێن.
ژمارەی ئازادکراوان بەپێی مانگەکان:
- کانوونی دووەم: 653 کەس
- شوبات: 613 کەس
- ئادار: 579 کەس
- نیسان: 649 کەس
- ئایار: 725 کەس
- حوزەیران: 562 کەس
-تەمموز: 689 کەس
حازم ردێنی، جێگری سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی بەندکراوان لە عێراق لە 60 هەزار کەس زیاترە، بەشێکیان ئەوانەن کە ماوەی زیاندانییەکانیان تەواوکردووە، ئازاد ناکرێن، بەشێکیشان دادگایی نەکراون."
جێگری سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتیشی، "گرنگە وەزارەتی داد رێکارەکانی خێراتر بکات و گرتووخانەکانی ببنە چاکسازیی راستەقینە و ببنە شوێنی فێربوونی کار لەپێناو گەڕاندنەوەی گرتووەکان بۆ نێو کۆمەڵگە، دوای تەواوکردنی سزاکانیان."
رۆژی 30ی مانگی حوزەیران خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، بەهۆی زۆریی زیندانییانەوە توانای گرتووخانەکان بۆ 300% زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەیان بۆ باشکردنی ئەو دۆخە هەیە، ئەویش لە رێگەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی گرتووخانەکانی عەمارە، ناسریە، نەجەف و فەرمانگەی چاکسازیی نەجەفەوە، کە ئەمساڵ رێژەکە 200% کەم دەکەنەوە.