هەولێر و بەغدا لیژنەی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز پێکدەهێنن

06-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، راگەیێندراوێکیان لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بڵاوکردەوە و بڕیاری پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنە دراوە، کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و راپۆرتێکی تایبەت لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە ئەو لیژنانە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێیندراوی هاوبەشی لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 5ـی ئابی 2023ـی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی عێراق لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "لە چوارچێوەی چاکسازییە یاساییەکان کە لە کارنامەی حکومەت و بەدیاریکراوی لە بڕگەی 23دا هاتووە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بە پشتبەستن بە رێنمایی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە و بە بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییە، رۆژی 5ـی ئابی 2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکوەزیران (وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوت) و شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، کۆبوونەوەیەک کرا."
 
سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەکە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "کۆبوونەوەکە باسی لە گرنگی و ئامانجەکانی یاسای نەوت و گاز و پێویستیی تەواوکردنی لە زووترین ماوەدا بە بەشداریی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ کەشی کۆبوونەوەکەش کراوە و "کەشەکە ئەرێنی بوو کە رەنگدانەوەی بایەخ و رژدبوونی لایەنەکانی تێدا رەنگیدابووەیەوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، چونکە بەشێکە لە پابەندییەکانی کارنامەی وەزاری، کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێدا و هەروەها پایەیەکی گرنگە بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز بەباشترین شێوە جیهانییەکانی و بەو پێیەی ببێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم رۆڵەکانی عێراق".
 
لە کۆبوونەوەکە چەند راسپاردەیەک دەرکران لەوانە:
 
1- پێکهێنانی لیژنەکانی بەدواداچوونی ئەو بابەتە و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر.
 
2- کاخەزێکی تایبەتی کارکردن لە رێگەی ئەو لیژنانەوە لەسەر بنچینەی ئەو تێڕوانینەی لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت ئامادەبکرێت لە رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەکانی پێشوو کراون بە مەبەستی تاوتوێکردنیان لە رێگەی ئەو لیژنانە تاوەکو گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت  و گاز.
 
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى لە پەرلەمان پەسندنەکران. 
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوت بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە