سوودانى: حکومەتەکانى دواى 2003 دەستبەردارى یەک بست خاکى عێراق نەبوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، حکومەتەکانى دواى ساڵى 2003 دەستبەردارى یەک بست خاکى عێراق نەبوون و ئەوەى لەبارەى سنوورەوە لەگەڵ کوێت رێککەوتنى لەبارەوە کراوە، پەیوەستە بە دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس.
محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کاتى بەشداریکردنى لە بەرنامەیەکى کەناڵى عێراقیەى نیمچە فەرمى و لە وەڵامى پرسیارى هاووڵاتییەکدا رایگەیاند، لەبارەى دیاکردنى سنوور لەگەڵ کوێت هیچ بڕیارێکیان نەداوە جگە لەو بڕیارانەى کە دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس بەر لە ساڵى 2003 داویەتى و رێککەوتنەکان و بڕیارى 833ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى رژێمى پێشوو پێى قایل بووە.
بەگوێرەى بڕیارى 833 ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کە لە ساڵى 1993 دەرکراوە، راپۆرتى لیژنەکەى نەتەوە یەکگرتووکان لەلایەن کوێت و عێراقەوە پەسند کراوە کە تایبەتە بە دیاریکردنى سنوورى نێوانیان، لە رووى تەکنیکییەوە خاڵەکانى سنوورى نێوانیان دیاریکراوە.
محەمەد شیاع سوودانى گوتى:" حکومەتەکانى دواى ساڵى 2003 هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ دەستبەردابوون لە یەک بستى خاکى عێراق و ئەوەى ئێستا روودەدات تەنیا بەدواداچوونى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشە".
ئەو لێدوانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەدواى دروستبوونى هەڵایەک بوو لە عێراق کە گوایە حکومەت دەستبەردارى بەشێکی زەویی وشکانى بەندەرى ئوم قەسر بووە لە شارى بەسرە بۆ کوێت.