لە بەسرە بە کۆڕی ماتەمینی یادی عاشوورا دەکرێتەوە

06-08-2022
نەهرۆ محەممەد
لە بەسرە بە کۆڕی ماتەمینی یادی عاشوورا دەکرێتەوە
لە بەسرە بە کۆڕی ماتەمینی یادی عاشوورا دەکرێتەوە
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لە بەسرە کۆڕێکی ماتەمینی و سنگکوتانی پەیڕەوانی شیعە بەبۆنەی یادی عاشوورا بەڕێوەچوو، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو یادە، پەیڕەوانی شیعە مەزهەب بەو شێوازە پێشوازی و یادی دەکەنەوە.
 
محەممەد جیزانی، پیاوی ئایینیی شیعە دەڵێت: "رۆژانی عاشوورا و زیارەتی چلە، ساڵە و ساڵ چاوەڕێی دەکەین، تەنیا بەم دوو بۆنەیە ئاماژە و هەست بەو ساڵە دەکەین، لە دۆخێکی زۆر سەیر و سەمەرە دەژین، لە دەربڕینی پرسە و ماتەمینی و خستنەڕووی ئامانج و بەخششەکانی ئالو بەیت، بەڕاستی مرۆڤ لەو چرکەساتانەدا دەستەوەستانە لە باسکردنیان".
 
عاشوورا دەیەم رۆژی مانگی موحەڕەمە لە ساڵی کۆچی دا، لەو رۆژەدا لە ساڵی 61ی کۆچی، حوسێن کوڕی عەلی و ژمارەیەک لە کەسوکار و یاوەرانی لە شەڕی کەربەلا کوژران، بۆیە ئەم رۆژە رۆژێکی شین و ماتەمگێڕانە لای پەیڕەوانی شیعە مەزهەب و ساڵانە یادی دەکەنەوە.
 
محەممەد جیزانی، پیاوی ئایینیی شیعە باسی لەوەش کرد: "بە دڵنیاییەوە سەبارەت بە پەیامەکان، ئەو رووداوەی کەربەلا وانە و پەندی زۆر گەورەی هەیە، لەبارەی هەڵوێستی ئیمام حوسێن و کەسوکار و یاوەرانی درووردی خوایان لەسەر بێت، مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، بەملا و ئەولا و کاروباری دونیاوە سەرقاڵ نەبێت، بەڵکو پێویستە تەنیا لەگەڵ خودا بێت، ئەمە رێگەیە بۆ نزیکبوونەوە لە خودای گەورە". 
 
لای پەیڕەوانی سوننە مەزهەب-یش، لە 10 عاشورا پێغەمبەر موسا لە دەست فیرعەون رزگاری بووە، بەم بۆنەیەوە ئەو یادە بەرز رادەگرن و تێیدا بە رۆژ دەبن، پێیانوایە گوناهی ساڵی رابردوو دەسڕێتەوە، بەڵام لای پەیڕەوانی شیعە بەرۆژ بوون لەو رۆژەدا گونجاو نییە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە