سێیەم کۆبوونەوەى دیالۆگى ئایینیى عێراق و ڤاتیکان ئەنجام دەدرێت


رووداو - هەولێر

بڕیارە لە مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوودا سێیەم کۆبوونەوەى دیالۆگى ئایینیى نێوان عێراق و ڤاتیکان ئەنجامبدرێت. بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە رووداوى راگەیاند: "لەهەوڵداین کۆبوونەوەکە لە بەغدا بێت و نوێنەرى ئەوقافى هەرێمى کوردستانیش تێیدا بەشدار دەبێت".
 
عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئەمڕۆ شەممە 6-8-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوو، سێیەم کۆبوونەوەى دیالۆگى ئایینیى نێوان عێراق و ڤاتیکان ئەنجامدەدرێت. ئێستا نوێنەرى وەقفەکانى سوننە و شیعە و ئایینەکانى دیکەى عێراق لە کۆبوونەوە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو کۆبووەنەوەیەى دیالۆگى ئایینى ئامادەن؛ لەهەوڵداین نوێنەرى ئەوقافى هەرێمى کوردستانیش بەشدار بێت".
 
تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەى دیالۆگى ئایینیى عێراق و ڤاتیکان لە ڤاتیکان ئەنجامدراون. یەکەم کۆبوونەوە لە ساڵى 2013 و دووەم کۆبوونەوە لەساڵى 2018 بووە.
 
عومەر بەرزنجى دەڵێت: "لە هەوڵداین سێیەم کۆبوونەوە لە بەغدا ئەنجامبدرێت."
 
بریکارەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانى پێکهاتە ئاینییەکانى عێراق تێڕوانینى خۆیان لەبارەى چەند پرسێکى پەیوەندار بە پێکەوەژیان و ئاشتى دەخەنەڕوو و، ئامانجیش لێى هێنانەکایەى پەیوەندیى بەهێزى نێوان ئایینەکانە.
 
لە ئادارى ساڵى 2021دا پاپا فرانسیس، پاپاى ڤاتیکان سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد.