لویس ساکۆ: ژمارەیەک خانووی کریستیانەکان هێشتا دەستیان بەسەردا گیراوە

06-08-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خانووەکانی کریستیانەکان لە پارێزگاکانی سەر بە ناوەند و لە قەزای عەنکاوە و گوندی هەزار جووت لە ئاکرێ و گوندی بەردەڕەش لە عیمادییە لای ئەو لایەن و کەسانەن کە دەستیان بەسەریاندا گرتووە.
 
کاردینال لویس ساکۆ ئەمڕۆ شەممە 06-08-2022، بابەتێکی بە ناونیشانی "کریستیانەکان لە هەشتەم ساڵڕۆژی کارەساتی کۆچپێکردنیان چاوەڕوانی چین؟" بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "پێویستە رووداوە مێژووییەکان بۆنەیەک بن بۆ بەقووڵی وردبوونەوە لە وردەکارییەکانی و رێڕەوی لێکەوتەکانی، بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی ئەو رووداوانە، بەڵام ئەمە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی ناکرێت".
 
کاردینال لویس ساکۆ دەشڵێت: "بە بیرهاتنەوەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر کۆچپێکردنی کریستیانەکان لە 7/8/2014 لە موسڵ و شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا؛ لەبری ئەوەی هەستی نیشتمانی و هیوای بەرەو باشتر لای کریستیانەکان زیاتر بکات، کەچی بەداخەوە ئازار و نیگەرانی و بێهیواییان زیاتر دەکات. ئاماژە هەن کە ئەوان کەمترین مافی هاووڵاتیبوون و مرۆڤایەتییان نییە، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خانووەکانی کریستیانەکان لە پارێزگاکانی سەر بە ناوەند و لە ناوچەی عەنکاوە، گوندی هەزارجووت لە ئاکرێ و گوندی بەردەڕەش لە عیمادییە لای ئەو لایەن و کەسانەن کە دەستیان بەسەریاندا گرتووە. هەرچەندە، حکومەتی کوردستان بە سوپاسەوە پێشوازی لە هەزاران ئاوارەی کریستیان کردووە".
 
پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق ئاماژەش دەکات: "لەپاڵ ئەوە مافی کریستیانەکان لە بابەتی دامەزراندن و چاودێری و نوێنەرایەتی دەستووری لە پەرلەمان دەخورێت و پەراوێز دەخرێن. کاتێکیش سەردانی بەرپرسەکان دەکەین بەڵێنمان پێدەدەن و جێبەجێیان ناکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە