بەڤیدیۆ؛ گۆڕێکی بەکۆمەڵی سپایکەر لە تکریت دۆزرایەوە


رووداو - AP

هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراق گۆڕێکی بە کۆمەڵیان لە تکریت دۆزییەوە، کە تەرمی 550 سەربازی تێدایە.

بەگوێرەی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، ئەو سەربازە عێراقییانە لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014 کوژراون و خراونەتە نێو ئەو گۆڕەوە.

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی دەڵێت، پێشبینی دەکەن ژمارەی تەرمەکانی نێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە بەرز بێتەوە بۆ هەزار تەرم.

موعین کازمی، فەرماندە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەڵێت، "کەسوکاری قوربانییەکان لە هەموو پێکهاتەکان ئەمڕۆ لێرەن، بۆ ئەوەی بەدیار پرۆسەی دەرهێنانی پاشماوەی قوربانییەکانەوە بن لەو گۆڕە بەکۆمەڵەی تکریت، تاوەکو ئێستا تەرمی 550 کەسمان رادەستی خێزانەکانیان کردووەتەوە، 200 کەسیشیان هێشتا پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ نەکراوە،  150 تەرمیان دوو هەفتە لەمەوبەر دۆزرانەوە".

کازمی دەشڵێت "پێشبینی دۆزینەوەی تەرمی زیاتر دەکەین، دەتوانم بڵیم کۆی تەرمەکان دەگاتە هەزار کەس، ئێمە بەدوای تاوابارەکانەوە دەبین ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە و سزایان دەدەین". 

ساڵی 2014 چەکدارانی داعش دەستیان گرت بەسەر شاری تکریت و کەمپی سەربازی سپایکەر لەو شارەدا، کە هەزار و 700 سەربازی تێدابوو، بەڵام سەربازەکان نەیانتوانی دەربازیان بێت و بەدیل کەوتنە دەستی داعش. دواتر داعش کوشتنی ئەو سەربازانەی راگەیاند و چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی ساتی کوشتنەکەشیانی بڵاوکردەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود