رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەی بڕیارەکانی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کۆتاییان نەهاتووە و بەردەوامن.
هەرچەندە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە رشدن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان، بەڵام راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت بڕیار لەسەر ناوچە هەستیارەکان دەبێت بۆچوونی حکومەتی ناوەندیی لەگەڵدا بێت.
د. سەنا موسەوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ "بەدڵنیاییەوە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێن، بەڵام وەکو باسمکرد بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، دەبێت حکومەتی ناوەندی دەستوەربدات لە کاروباری ناوچە هەستیارەکان."
هاوشێوەی زۆربەی پرسە ئاڵۆز و کێشەلەسەرەکان، پێدەچێت جارێکی دیکە لە دەرگای دادگەی فیدراڵی عێراق بدرێت بۆ یەکلاییکردنەوە و کۆتاییهێنان بەو پرسە.
عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە هاوپەیمانیێتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێ "ئەگەر چارەسەر نەبێت، پێموایە دەبێت روو لە دادگای فیدراڵی بکەین. بەریەککەوتن لەنێوان بڕیاری راگرتنی کارەکان لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەڕێز سودانی و لایەنی دووەم بەڕێز پارێزگار هەیە، کە گۆڕانکاری و گۆڕانی جوگرافیە لە موسڵ."
رۆژی دووی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانكاری لە 20 پۆستی كارگێڕیی سنوورەکەیان کرد، لەنێویشیاندا دانانی قایمقامی قەزاری شنگال و مەخموور؛ پارتی و فراكسیۆنی نەینەوا موەحەدە، بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.
لە عێراق بڕیارەکان هەرچەند گرنگ و پێویستش بووبێتن، پێویستیان بە رێککەوتنی سیاسی پێشوەختە هەبووە، ئەو بڕیارانەی بەبێ رێککەوتن دراون بێ سەر ئێشە نەبوون، کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا یەکێکن لەو نموونانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ