وەزارەتی پلاندانانی عێراق: رێژەی بێکاری 16.5%ـە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەنجامی روپێویەکی دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و دەستەی ئاماری لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوودا کراوە. 
 
لە رووپێویەکەدا هاتووە، ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵە رێژەی 63.6%ی کۆی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن؛ نێر 50.3% و مێ %49.7 و ئاماژە بەوەش کراوە کە بێکاری لەنێو وڵاتدا 16.5%یە و بێکاریش لەنێو کەسانی 15 تاوەکو 24 ساڵ 35.8%ە. 
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوودا بە پشتیوانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، یەکەم رووپێوی نیشتمانیی تایبەت بە هێزی کاریان لە عێراق کردووە و لە ئەنجامدا گەیشتوونەتە کۆمەڵێک ئاماژە لە بازاڕی کاردا؛ گرنگترین ئاماژەکان بریتین لە: 
 
یەکەم: ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵە رێژەی 63.6%ی کۆی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن؛ نێر 50.3% و مێ 49.7%. ئەوانەی تەمەنیان 15 تاوەکو21 ساڵە رێژەی 20.7%ی دانیشتوان و تەمەن 25 ساڵ بەرەو ژوور 43%ی دانیشتوان پێکدەهێنن.
 
دووەم: رێژەی هێزی کار ( ئەوانەی کاریان هەیە) لە عێراقدا 39.5%ی کۆی گشتی دانیشتوان لە تەمەنی کار پێکدەهێنن؛ نێر %86.6 و مێ 13.4% لەو رێژەی 39.5٪ە پێکدەهێنن. هەرچی کەسانی نێوان 15 بۆ 24 ساڵە رێژەی 21.8%ی کۆی دانیشتوان و تەمەنی 25 ساڵ بەرەو ژوور رێژەی 78.2% پێکدەهێنن.
 
سێیەم: تێکڕای بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا (10.6%) و پیاوان 68%ە. 
 
چوارەم: تێکڕای بەشداری ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 15 ساڵ و 24 ساڵە 26.5٪ و تەمەن 25 ساڵ بەرەو ژوور 45.8% بووە.
پێنجەم: ئەنجامی روپێویەکە دەریدەخات کە رێژەی کارکردن 83.5% بووە لە کۆی هێزی کار بەشێوەیەک نێر 88.5% و مێ %11.5 بووە؛ کەسانی 15 تاوەکو 24 ساڵ رێژەی 16.8% و تەمەن 25 ساڵ بەرەو ژوور رێژەی 83.2%یان پێکهێناوە.
 
شەشەم: ئەنجامی رووپێویەکە دەری دەخات کە رێژەی کارکردنی دانیشتوان لە تەمەنی کار ( واتا رێژەی دانیشتوان لە تەمەنی کارکردن دا) 33% بووە، رێژەی کارکردن لە نێو ژناندا کەمترە و 7.6%  و  لە نێو پیاوان 58% و  تەمەنی 25 ساڵ و سەرووتر زیاترە لە 40.6% و لەنێوان گەنجانیش 17% بووە.
 
حەوتەم: تێکڕای بێکاری لە عێراق گەیشتووەتە 16.5%.
 
هەشتەم: تێکڕای بێکاری لەنێو کەسانی 15 ساڵ تاوەکو 24 ساڵ گەیشتووەتە 35.8%، کە سێ هێندەی تێکڕای بێکارییە لەنێو تەمەنی25 ساڵ بەرەو ژوور کە 11.2%یە.
 
نۆیەم: داتاکانی رووپێوییەکە سێ دیارترین چالاکی ئابووریی دەرخستووە کە بریتیین:
- بیناسازی 16.3%
- ئیدارەی گشتی و بەرگری 15.9%
- بازرگانی بە کۆ و تاک 14.2%
 
10: ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ژنان زیاتر ئارەزوویان هەیە بۆ کارکردن لە بواری خزمەتگوزاری بە رێژەی 73.1% و کشتوکاڵ %14.4، لە بەرامبەردا 62.2% و 7.7% سەبارەت بە رێژەی پیاوان.
 
ئەنجامی رووپێویەکە 4 پیشەی دیاریکردووە کە پیاوان زیاتر دڵخوازیانن کە بریتین لە : 
- بیناسازی 
- پاسەوانی
- شۆفێری ئۆتۆمبێل و کامیۆن و ماتۆرسیکل
- نوێنەری فرۆشتن
 
هەروەها 3 پیشە هەن ئافرەتان دڵخوازیانن کە بریتین لە :
 
- خوێندنی سەرەتایی و باخچەی منداڵان
- خوێندنی ناوەندی 
- پیشەسازیی جلو بەرگ و ئەوانەی پەیوەست بەو پیشەوە
 
11: لە رووپێویەکەوە دەرکەوتووە 70.5%ی ژنان پێیان باشترە لە کەرتی حکومی کار بکەن، لە کاتێکدا 33.7٪ پیاوان لە کەرتی حکومی کاردەکەن. لە کەرتی تایبەت 55.9%ی پیاوان و 29% ژنن. 
 
12: %17.5 ژنان لە پۆستی کارگێڕیدا کاردەکەن لە بەرامبەردا 82.5%یان پیاون؛ 14.5%ی ژنان وەک بەڕێوەبەری کارگێڕی و بازرگانی کاردەکەن و لە بەرامبەردا 85.5% پیاوانن.
 
13: %29.2ی ژنان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی تایبەتمەند کاردەکەن، لە بەرامبەر پیاوان 70.8%ن.
 
14: نزیکەی 36.7% لە دانیشتوانی گەنج خوێندەوار نین و کارناکەن.  رێژەی گەنجانی مێ 52.3% زیاتر بووە و لە رێژەی گەنجانی نێر کە گەیشتووەتە 22.1%.
 
15: کارکردن بە کەموکوڕییەوە بەگشتی 73.1% کاریگەری لەسەر پیاوان دروستکردووە، لەسەر ئەوانەی لە تەمەنی کارکردندان 26.9٪ کاریگەری بۆ سەر ژنان دروستکردووە، ئەوانەی تەمەنیان 25 ساڵ و سەرووترە 58.4% کاریگەری لەسەریان دروستکردووە و لەسەر گەنجانی تەمەن ( 15-24 ساڵ) 41.6% کاریگەری دروستکردووە. پێوەری کۆی گشتی کەموکوڕیی لە بەکارهێنانی دەستی کاردا گەیشتووەتە 30% کە ئەمەش بریتییە  لە کۆکردنەوەی کۆی بێکاری و کارکردن بە کاتێکی کەمتر لەگەڵ هێزی کاری پێشبینی کراو.
 
16: ئەنجامەکەی دەریدەخات کە نزیکەی 7.9% دانیشتوانی کارکەر لە نێو ئەوانەن کە لە رووی کاتەوە کارەکەیان کەموکوڕی تێدایە؛ رێژەکە لەنێو پیاوان 8.4%یە کە بەرزترە لە رێژەی نێو ژنان کە 4.6%یە. رێژەکە لە نێو گەنجان (15-24 ساڵ) بەرزترە کە 11.5% و لە نێوان ئەوانەی تەمەنیان 25 ساڵ  و سەرووترە گەیشتووەتە 7.2%.
 
17:  هێزی کاری پێشبینیکراو رێژەکەی 7%یە لە کۆی دانیشتوان، ئەوانەی لە تەمەنی کارکردندان و لە دەرەوەی هێزی کاردان.
 
18: دانیشتوانی دەرەوەی هێزی کار قەبارەکەی گەورەترە، رێژەکەی 60.5%یە لە کۆی ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵ و سەرووترە، لەوانە 26.6% نێر و 73.4% مێن، هەرچی گەنجانە ( 15-24 ساڵ) ئەوا رێژەکەی 39.5% بوو، تەمەنی 25 ساڵ و سەرووتر رێژەکەی %60.5 بوو.
 
19: مێ گەورەترین رێژەی دەرەوەی ئەندامانی هێزی کار پێکدەهێنێت، کە 73.4%یە لە بەرامبەردا نێر 26.3 %یە. 
 
20: ئەنجامەکەی دەرکەوتووە، دانیشتوان ئەوانەی لە تەمەنی کاردان لە نێو هێزی کار و دەرەوە دا، بەپێی رەگەز و تەمەن، ئەوا زۆربەی مێ و گەنج و بە تەمەنەکان لە دەرەوەی ‌‌هێزی کاردان، زۆربەی سەرقاڵ بوونە، بە بەرپرسیاریەتی ماڵەوە یان خێزانی، بەشێکی دیکە دەخوێنن یان خەریکی مەشق و راهێنان و هەندێکی دیکەش خانەنشینن، یان هەندێکی دیکەش ناتوانن کاربکەن، بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن یان پەکەوتەیی، یان زەبرێکیان بەرکەوتووە.