هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی و گۆشەنووسی رووداو تیرۆرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی رووداو لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراوە و تیرۆرکرا.
لیوا سەعد مەعن، لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، تەرمەکەی لە پزیشکی دادە لە بەغدا.
سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق سەبارەت بە چۆنییەتی کوژرانی هیشام هاشمی دەڵێن، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە گرووپێکی چەکدار بە دوو ماتۆڕسکیل لە بەردەم ماڵەکەیدا لە ناوچەی زەیونە تەقەیان لێکردووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
هیشام هاشمی لە دوایین توویتەکانی ئاماژەی بەوە داوە کە هێزە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەیەکەوە بەنیازی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سنووردارن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدژی چەکدارانی داعش.
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) سەرکۆنەی کوشتنی هیشام هاشمی دەکات و دەڵێت، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بە هەواڵی کوشتنی د. هیشام هاشمی تووشی شۆک بوو. دەشڵێت "زۆر بە تووندی ئەم تاوانە قێزەون و ترسنۆکانە سەرکۆنەدەکەین و داوا لە حکومەت دەکەین زوو ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات."
هەروەها بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکۆنە و ئیدانەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمیان کرد و رایانگەیاند کە دەبێت تاوانباران بەزووترین کات بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
هیشام هاشمی لە مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی نووسراو گرێبەستی بوون بە گۆشەنووسێکی هەفتانەیی لەگەڵ رووداو واژۆکرد و چەند وتارێکی تایبەتی لە رووداو بڵاوکرانەوە. تۆڕی میدیایی رووداو لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی تیرۆرکردنەکەی کرد و رایگەیاند، د.هیشام هاشمی؛ هاوکارێکی بەردەوامی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. "ئێمە لە کاتێکدا هاوبەشی خۆمان لەگەڵ خەمی بنەماڵەکەی و، لێکۆلینڤان و رۆژنامەڤانان و رۆشنبیرانی عێراق دەردەبڕین، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین تاوانباران بدۆزێتەوە و بیانداتە دادگا."
هیشام هاشمی
- لە 1973 لە بەغدا لە دایکبووە
- مێژوونووس و توێژەری کاروباری ئەمنی و ستراتیژی و گرووپە تووندئاژۆکان بوو
- چەندین توێژینەوە لەسەر گرووپە تووندئاژۆکان هەیە
- بە کالۆریۆسی لە ئامار هەیە