سەنتەرێکی عێراقی: چیللی هاوس کە لە عێراق هێرشی دەکرێتە سەر ئەمریکی نییە

رووداو دیجیتاڵ

سەنتەرێکی عێراقیی تایبەت بە وردبینیی زانیارییەکان رایگەیاند، چێشتخانەی چیللی هاوس کە لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی هێرشی میلیشیاکان بووەوە لە بەغدا و لە بەسرەش داوای داخستنی کراوە گوایە ئەمریکییە و پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات، ئەمریکی نییە و خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی ئوردنییە.

سەنتەری (ASBER) بۆ وردبینیی زانیارییەکان، دەڵێت: "رۆژی 27ـی ئایار و 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ چێشتخانەکە لەلایەن لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان رووبەڕووی دەستدرێژیی زۆر بووەوە و رۆژی 4ـی ئەم مانگە لە بەسرە لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە بە تۆمەتی ئەوەی پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات، داخرا، بەڵام دوای وردبینیی زانیارییەکان دەرکەوت نە چێشتخانەکە ئەمریکییە نە بنکەی سەرەکیی لە ئەمریکایە."
 
سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەداوە: "ساڵی 1985 لەلایەن فاهید شاکر تعێمە داودی ئوردنی لە عەمان دامەزراوە، یەکەم لقی لە عەمان کردووەتەوە، دواتر ژمارەیەک لقی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێویاندا فەلەستین، قەتەر، سعودیە، لیبیا و عێراق کردەوە."
 
بەپێی ئەو سەنتەرە کە زانیارییە هەڵەکان پشتڕاستدەکاتەوە: "هۆکاری هێرشکردنە سەر ئەو چێشتخانەیە ئەوەیە گوایە ئەمریکییە، بەڵام ئەمە هەڵەیە، ئەمەش نیشانەی کاریگەریی زانیاریی شێوێندراو و هەڵەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری."
 
مستەفا سەعدوون، سەرۆکی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە سەنتەری (ASBER) بەشێکی رێکخراوەکەیە بە رووداوی گوت: "زانیاریی هەڵە کاریگەریی زۆر خراپ بەجێدەهێڵێت، بۆیە لە چوارچێوەی ئەم زانیارییانەمان دوای لێكۆڵینەوەی ورد، دەمانەوێت زانیارییەکان پشتڕاستبکەینەوە."
 
ماوەیەکە لە بەغدا هێرشدەکرێتە سەر ژمارەیەک رێستۆرانت و براندی جیهانی، لەنێویاندا خواردنگەکانی KFC و چیللی هاوس و چوکلێت بار.
 
هێرشەکان لەلایەن ژمارەیەک چەکدار کە بەشێکیان دەمامکدارن و سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقن دەکرێت، ئەوان وا لە خەڵک دەگەیێنن ئەو شوێن و براندانە ئەمریکیین پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ، گرووپێکی نوێیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە رووداوەکانی هێرش و کاری تێکدەرانەی رۆژانی رابردووی سەر ژمارەیەک چێشتخانەی 'کەی ئێف سی' و بریکارەکانی بیانی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری بە‌غدا".