پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدات؛ 'رێککەوتن لەسەر هەموو بڕگەکان کراوە'
رووداو - بەغدا
پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گشتیی بودجە رۆژی پێنجشەممە 8ی حوزەیران کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەیەک کە زۆربەی پەرلەمانتاران و شەقامی عێراقی چاوەڕوانین. بە گوتەی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی، رێککەوتن لەسەر تەواوی بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە.
باسم مغێمش، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەڵێت، "بڕیاری ئەنجامدانی دانیشتن درا دوای ئەوەی گوشاری پەرلەمانتاران زیادیکرد و واژۆ کۆکرایەوە و ھەندێک ھەڕەشەی مانگرتنیان دەکرد ئەگەر بەزووترین کات دانیشتنی تایبەت بە بودجە نەکرێت؛ بێگومان چارەسەری مامناوەندی کراوە بۆ دەرچوون لە ئەنجامی کۆتایی بودجەکە."
کورد کە کێشەی لەسەر گۆڕانکارییەکانی مادەی 13 و 14 هەبوو، کە تایبەتن بە پشکی ھەرێمی کوردستان، ئەگەرچی دەڵێن رێککەوتن کراوە، بەڵام نایشارنەوە کە ئەگەر لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نەبێت، ئامادە نین دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن.
دکتۆر خەلیل دۆسکی، پەرلەمانتاری پارتی دەڵێت، "ھەر خاڵێك لە بودجە دژایەتیکردنی کیانی دەستووری ھەرێمی کوردستانی تێدابێت یان دژی مافی ھەرێم بێت، بێگومان دەنگی لەسەر نادەین و رازی نابین، ھەر ئەمەش وای کردووە بودجە تائێستا درەنگ بکەوێت، ئاشکرایە کە هەندێک خاڵ زیاد کراون لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نەبوو؛ داوامان کرد بگۆڕدرێت و چارەسەر کران."
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمىکوردستانە.
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی تاوەکو ئەو کاتەی لە دەرەوەی پەرلەمان رێککەوتنی سیاسیی ئەنجام نەدرا لەسەری، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەیدەتوانی رۆژێک دیاری بکات بۆ تێپەڕاندنی، ھەربۆیە تەواوی ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن کە لە دەرەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2023، 2024 و 2025ی عێراق بدەن.