کوردستان
هیومن رایتس دەڵێ 12 گرووپى چەکدار لە شنگال لەململانێدان بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بسەپێنن. وێنەیەکی ئەرشیڤیی: سەفین حەمید - AFP
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال بەهۆى ناکۆکیی سیاسییەوە پەکى کەوتووە، کەرتى خوێندن و تەندروستى و کارەبا لە دۆخێکى خراپدان و تەنیا 96 قوتابخانەى قەزاکە کراونەتەوە.
رۆژی 6ى حوزەیرانى 2023، رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى قەزاى شنگال لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بڵاوکردەوە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە پرۆژەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال وەستاوە، هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنى قەزاکە گەڕاندووەتەوە.
سەرەڕاى ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق 50 ملیار دینارى تەرخانکردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال، بەگوێرەى رێکخراوەکە، ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان وایکردووە ئەو پارەیە خەرجنەکرێت، لەکاتێکدا ژێرخان و خزمەتگوزاریی سەرەکى شارەکە بووەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەى زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەى شنگال، کە 85%یان کوردى ئێزدین.
سارە سونبر، لێکۆڵەرى کاروبارى عێراق لە رێکخراوى هیومن رایتس وۆچ دەڵێت: "تەرخانکردنى پارە، هەنگاوێکى ئەرێنییە، ئەگەر بە کردەیی بەکاربهێندرێت بۆ خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانى شنگال لە رووى چاودێرى تەندروستى، کارەبا، ئاو، شوێنى نیشتەجێبوون، بەڵام ناکۆکى سیاسى رێگرە لەبەردەم بەکارهێنانى ئەو پارانە، ئەوە واى لە شنگالییەکان کردووە دڵنیا نەبن".
لەساڵى 2020، حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى رێککەوتنی شنگالیان واژۆ کرد بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە، بەڵام رێککەوتنەکە وەک خۆى جێبەجێنەکراوە.
نەجم جبوورى، پارێزگارى نەینەوا قسەى بۆ رێکخراوەکە کردووە و گوتوویەتی: "هەولێر و بەغدا رەتیدەکەنەوە پارە خەرج بکەن بەرلەوەى رێککەوتن بکەن لەبارەى ئەوەى کە کێ بەرپرس دەبێت لە کارگێڕیی خۆجێی شنگال، گفتوگۆکان وەستاون و نەیانتوانیوە لەسەر بەربژێرێک بۆ قایمقامى شنگال بگەنە رێککەوتن".
پارێزگارى نەینەوا رایگەیاندووە، بەگوێرەى رێککەوتنى شنگال دەبووایە لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى قەزاکە پێکبهێندرێت، بۆ دابەشکردنى ئەو بڕە پارەیەى بۆ ئاوەدانکردنەوەى تەرخانکراوە، بەڵام لیژنەکە پێکنەهێندراوە.
نزیکەی نیوەی قوتابخانەکانی شنگال نەکراونەتەوە
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە پرسیاریان لەبارەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە، باسیان لەوە کردووە کەمى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەربەستى بەردەم گەڕانەوەیانە بۆ شنگال، ئەوە جگە لە ناسەقامیگیریی دۆخى ئەمنی و قەرەبوو نەکردنەوەى خاوەنی ئەو خانووانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى داعشدا خاپوور بوون.
ساڵى 2014 تاوەکو 2017 قەزاى شنگال لەلایەن رێکخراوى داعش داگیرکرا، بە هۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارە بوون، کوژران یانیش لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رفێندران.
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە خوێندنى گشتى بە ئاسانى دەستەبەر نییە، بەهۆى خاپووربوونى قوتابخانەکان، هەندێک لە قوتابخانەکان قوتابی چەندین گوند پێکەوە لە خۆدەگرن، ئەوە جگە لەوەى هەزاران مامۆستا هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە شنگال.
حەسەن ساڵح موراد، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە: "206 قوتابخانە لە شنگال هەن، بەڵام تەنیا 96یان کراونەتەوە، هەندێک لە قوتابخانەکان 600 بۆ هەزار قوتابى تێیدا دەخوێنن، لەکاتێکدا تواناى 400 قوتابیان هەیە."
بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال ئاماژەى بەوەداوە گرووپە چەکدارەکان سێ قوتابخانە وەک بنکەى سەربازى بەکاردەهێنن و ئەوەش مەترسی لەسەر باڵەخانەى قوتابخانەکان دروستکردووە، کە هێرشبکرێتە سەریان.
لەو راپۆرتەدا رێکخراوەکە رایگەیاندووە کە 12 گرووپى چەکدار لە شنگال لەململانێدان بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بسەپێنن، چەند هەوڵێک دراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخەکە، بەڵام بەهۆیەوە پێکدادانى چەکدارى دروستبووە، ئەوەش ئاوارەبوونى دیکەى لێکەوتووەتەوە.
دوو نەخۆشخانە بۆ یەک قەزا
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، فەرمانگەى تەندروستیی شنگال کێشەى کەمیی کارمەندى هەیە، ئەوە جگە لە خاپووربوونى ژێرخانى تەندروستى، تەنیا دوو نەخۆشخانەى گشتى لە شنگال و ناحیەى سنوونێ هەن.
د. دڵشاد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى شنگال دەڵێت: "لە کاتى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا زیان بەر نەخۆشخانەکان کەوتووە، بەدواى جێگرەوەیەکى بچووکدا دەگەڕێین، 53 قەرەوێڵەمان هەیە، لەکاتێکدا پێشتر 130 قەرەوێڵە بوون".
ئەو نەخۆشخانانەى شنگال توانایان بۆ چارەسەرى تەندروستى سنووردارە، بۆ دۆخە لەناکاو و نەخوازراوەکان یان نەخۆشییە قورسەکان، دانیشتووانى قەزاکە دەبێت دوو بۆ سێ کاژێر ببڕن تاوەکو بگەنە پارێزگاى دهۆک یان شارى موسڵ.
10 کاژێر کارەبا هەیە
بەگوێرەى راپۆرتەکە خراپیی کەرتى کارەبا یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى قەزاى شنگال، کە بەگوتەى هەندێک لە ئاوارە گەڕاوەکان، لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 10 کاژێر کارەبا هەیە.
سوعاد یەکێکە لەو ئاوارانەى گەڕاوەتەوە شنگال، دەڵێت: "ئەوەى تواناى هەبێت موەلیدە دەکڕێت، ئەوانى دیکە 20 هەزار دینار دەدەن بە یەک ئەمپێر کارەبا، هەروەها رۆژانە 15 هەزار دینار دەدەین بۆ دەستکەوتنى ئاو، ناچار بووین بیر لێبدەین بۆ دەستبەرکردنى ئاوى پێویست بۆ شوشتن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ