گەنجێک لە بەغدا بەئەنقەست پشیلەیەک لە باڵەخانەیەک فڕێدەداتە خوارەوە و دەیکوژێت؛ "هەموومان شۆک بووین"

رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنێکی ناخهەژێن کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە تۆمارکراوە و تێیدا دەردەکەوێت کەسێک پشیلەیەک بە ئەنقەست لە باڵەخانەیەکەوە فڕێدەداتە خوارەوە، تەواوی سۆشیاڵ میدیاکانی لە عێراق داگیر کردووە، خەڵکی گەڕەکەکەی بەغدا کە رووداوەکە تێیدا روویداوە، قسە بۆ رووداو دەکەن و دەڵێن بەم کارەی ئەم گەنجە کردوویەتی "حەپەساوین".
 
کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدایە، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە باڵەخانەیەکی ئەو گەڕەکە پشیلەیەکی فڕێدایە خوارەوە و بەهۆیەوە پشیلەکە مرداربوو. دیمەنەکە ناخهەژێنە و ئەمەش دۆخێکی دەروونیی خراپی بۆ دانیشووانی ناوچەکە دروستکردووە و، بە پێشهاتێکی مەترسیداری دەزانن. 
 
بەشیر محەممەد، نیشتەجێی کۆمەڵگەی بەسمایە دەڵێ "ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە، سەرەتای تووندوتیژییە، پێویستە ئەو کەسە ببرێتە لای پزیشک و رێنمایی دروستی بکرێت، دەبێت تێبگات ئەو کارە ناپەسندە و قبووڵنەکراوە، ئەم رۆحە خوای گەورە بەخشیویەتی و ناکرێت بەمشێوە لێی بسێنرێت".
 
شاهێدحاڵەکانی کۆمەڵگەکە باس لەوە دەکەن، گەنجەکە چەند رۆژێک بوو ئەو پشلەی بەخێودەکرد، ئێستا ترسیان هەیە ئەو رووداوانە دووبارە ببنەوە، تەنانەت لە بری پشیلە بگاتە فڕێدانی منداڵ. 
 
بەسام رازی، شاهێدحاڵە و دەڵێ "ئەمڕۆ ئەمە لەگەڵ ئاژەڵ کراوە، سبەی رەنگە لەگەڵ منداڵ بکرێت. زۆر ترسمان لە منداڵەکانمان هەیە. رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر، 20 واژۆمان کۆکردەوە و رادەستی نووسینگەی دەستەمان کرد، بەڵێنمان پێدراوە رێکاری یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسە بگرنەبەر".
 
جەعفەر عاشوور، دانیشتوویەکی دیکەی کۆمەڵگەی بەسمایە باس لەوە دەکات "زۆر لە خێزانەکان کاریگەر بوون بەو دیمەنە ڤیدیۆییە، چونکە ئاژەڵ بەخێودەکەن، ئەمەش کاریگەریی لەسەریان دەبێت؛ کاتێک نەخۆش دەکەون یان رووداوێکیان بەسەردا دێت. هیوادارین خودا ئەو کەسە بخاتەوە سەرڕێ، ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە نە بەرامبەر پشیلە و نە هیچ ئاژەڵێکی دیکە".
 
بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆ، باوکی ئەو گەنجە لەو کارە ناڕازییە و گوتویەتی دەروونی کوڕەکەی جێگیر نییە و کهوول دەخواتەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندارەکانیش دەکات دوای دۆزینەوەی کوڕەکەی، چارەسەری بکەن.