موقتەدا سەدر داوا دەکات خەڵک سەردانی گۆڕی باوکی بکەن

06-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە (سەدری پێشوو)، باس لە هۆکاری رێگری لە سەردانی لایەنگرانی بۆ سەر گۆڕی باوکی لە نەجەف لە ساڵی پار دەکات و دەڵێت، بەهۆی "خاوەنی دۆزەکە" بووە. بۆ ئەمساڵیش دەڵێت: "بەخێربێن".

موقتەدا سەدر، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە ئێکس دەڵێت: "ساڵی رابردوو و بەهۆی نەفرەتلێکراوانەوە (خاوەنی دۆزەکە)ـەوە، کە لەبەردەم خودا و پەیامبەر و ئالوبەیتەکەی و لەبەردەم ئێوەشدا لێیان بێبەریم، سەردانیکردنمان قەدەخە کرد".
 
سەدر بە نیگەرانییەوە دەڵێت، بەهۆی ئەو کێشەیەوە ساڵی رابردوو بە تەنیا یادی کوژرانی باوکی کردووەتەوە، بۆ ئەمساڵیش دەڵێت: "کەمتەرخەمی مەکەن بە پیاو و ئافرەت و بچووک و گەورەتانەوە پابەندی سیستم و لێبووردەیی ببن و ماتەم و دڵتەنگی رابگەیەنین."
 
موقتەدا سەدر کە زیاتر لە ساڵێکە لە گۆڕەپانی سیاسی دوورکەوتووەتەوە، دەڵێت، ئەو کەسانەش دەژمێرێت کە بە گوتەی ئەو یادکردنەوەی کوژرانی باوکی نیگەرانیان دەکات، ئەو ناوی بەعسییەکان، تیرۆریستان، گەندەڵکاران و خاوەن بیری لادەر دەهێنێت و خۆی بە "خزمەتکاری چاکسازی و چاکە" ناودەبات.
 
خاوەنی دۆزەکە، گرووپێکی شیعەی عێراقن، باوەڕیان وایە موقتەدا سەدر بنبڕکەری ئەو گەندەڵییەی عێراقە کە زیاتر لە 20 ساڵە نزیکەی 1500 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و خەڵکەکەی بەدەست نەهامەتییەوە دەناڵێنن. 
 
ئەندامێکی گرووپەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ساڵی رابردوو داوای بە "ئیمامی مەهدی" ناساندنی موقتەدا سەدری کرد، بەڵام ئەمە سەدری تووڕەکرد و بڕیاری داخستنی مەزارگەی باوکی دا.
 
بەلای شیعەکانەوە ئیمامی مەهدی دوانزەیەم و دوایین ئیمامی ئەوانە، لە ساڵی 255ـی کۆچی، واتە هەزار و 189 ساڵ لەمەوبەر لەدایکبووە و لە ساڵی 329ـی کۆچی دیارنەماوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ژیانی سەر زەوی دەردەکەوێتەوە و خەڵک لە نادادی رزگاردەکات.
 
محەممەد محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر یەکێک بوو لە مەرجەعە دیارەکانی شیعەی دوازدە ئیمامی لە عێراق؛ لە ساڵی 1999 لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف لە نێوەڕاستی عێراق لەگەڵ دوو کوڕی خۆی بە گوللـە دەستڕێژیان لێکرا و کوژران. محەممەد محەممەد سادق سەدر بەرهەڵستکارێکی دیاری دەسەڵاتی حیزبی بەعس و سەددام حوسێن بوو لە عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت