سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کرد.
 
سکاڵاکە لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان، تۆمار کراوە. داوا دەکات دادگەکە ئەو دابەشکارییەی کۆمیسیۆن کردوویەتی بە نادەستووری بزانێت و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێن.
 
سکاڵاکە ئەمڕۆ، 6ـی ئایاری 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی بریکارەکەیەوە "ئەیاد کاکەیی"، دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراوە.
 
دەقی سکاڵاکە لە پێنج لاپەڕە پێکدێت؛ لە ناوەڕۆکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کۆمیسیۆن بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 233 و هاوتاکانی دادگەکە (239، 248، 253ـی فیدراڵیی 2022 لە 30ـی ئایاری 2023)، هەروەها بڕیاری ژمارە 83 و هاوتاکانی (131 و 185ـی فیدراڵیی 2023 لە 21ـی شوباتی 2024) و لە چوارچێوەی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سیستەمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێرانی ژمارە 7ـی ساڵی 2024ـی پەسندکرد، مادەی دوو تێیدا دەڵێت:
 
یەکەم: هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە."
 
دووەم: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەش دەبێت:

 

1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4-پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
 
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت: "ئەو مادەیە پێشێلکاریی دەستووری تێدایە و دژی ناوەڕۆکی بڕیاری ژمارە 83ـی و هاوتاکانی 131 و 18ـی دادگەکەتانە، کە لە ساڵی 2023 دەرکراوە". لە سکاڵاکەدا هاتووە:
 
یەکەم: کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی 100 کورسییەکە بەسەر چوار بازنەکە پشتی بە پێوەری ئەو کەسانە بەستووە کە مافی دەنگدانیان هەیە، نەوەک ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لەوەشدا کە پشتی پێبەستووە لەرووی هەژمارکردنەوە ورد نییە. لە کاتێکدا دەستووری عێراق بۆ دابەشکردنی کورسیی پەرلەمانی عێراق پشتی بە ژمارەی دانیشتووان بەستووە.
 
دووەم: ئەو دەقەی تانەی لێگیراوە دژی پڕنسیپێکی دەستووری دیکەیە کە بڕگەی یەکەمی مادەی 49ـی دەستووری عێراقە کە دەستەواژەی "رەچاوی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی تێدا دەکرێت." دەبوو کۆمیسیۆن رەچاوی ئەو پڕنسیپە دەستوورییە بکات لەبارەی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت تورکمان و کریستیانەکان، رەچاونەکردنی ئەوە پێشێلکارییەکی دیکەی دەستوورییە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەکرێت کاتێک مادەی دووی تانەلێگیراوی داڕشتووە.
 
سێیەم: جگە لە پێشێلکاریی دەقی دەستووری ئاماژەبۆکراو لە بڕگەکانی سەرەوە، کۆمیسیۆن لە دەرکردنی رێنماییەکان بۆ دانانی ناوچەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان بەوە پێیەی کە "دادپەروەرەی و یەکسانی" دەستەبەر بکات، نەیکردووە، چونکە بێبەشبوونی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە کورسی پێچەوانەی پڕنسیپەکانی" دادپەروەری و یەکسانی"یە کە دادگەکە لە دەقی بڕیارەکەی 83 و هاوتاکانی دەریکردووە، بۆیە ئەو بنچینەی کۆمیسیۆن پشتی پێدەبەستێت بابەتی نەبووە، ئەوە جگە لەوەی بڕیاری دادگەکەتان ئاماژەی بۆ نادروستی تەرخانکردنی کورسیی دیاریکراو بۆ پێکهاتەکان نەکردووە.
 
چوارەم: بێبەشکردنی پێکهاتەکان لە نوێنەرایەتیکردن و کورسی بۆیان پێچەوانەی پڕنسیپی "یەکسانی بەرامبەر یاسا" و "هاوتایی دەرفەت بۆ هەموو عێراقییەکان"ـە، وەکو لە مادەکانی 14 و 16ـی دەستوور هاتووە، ئەو بێبەشبوونەش وایکردووە زۆرینەی پێکهاتەکان لیستی ناوی بەربژێرانیان نەدەن بە کۆمیسیۆن، ئەوە لەکاتێکدایە مادە (2/یەکەم/ج)ـی دەستوور دەڵێت: "نابێت یاسایەک پەسند بکرێت دژی ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی هاتوو لەم دەستوورە بێت."
 
لە سکاڵاکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم چوار داواکارییەی کردووە:
 
1- کۆنووسی سکاڵاکە و هاوپێچەکانی بە سکاڵالێکراو رابگەیەندرێت. 
 
2- مادەی دوومی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسندکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە7ـی ساڵی 2024 کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرکراوە، بە نادەستووری بزانێت.
 
3- تاوەکو دەستپێکردنی سکاڵاکە و بەهۆی پێویستیی کردەیی و هونەرییەوە داوا دەکەین بڕیاری بە پەلە بۆ راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پەیوەست بە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.
 
4- خەرجیی سکاڵاکە و رسوماتەکەی بخرێتە ئەستۆی سکاڵالێکراو.
 
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد کە رۆژى 10-6-2024ـە.