رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق دوایین سکاڵای دژ بە قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکانی رەتکردەوە. هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی مەرجەکانی پاشگەزبوونەوەی لە بڕیارەکەی پێشووی تێدا نییە، بەوەش سەرجەم سکاڵاکان کە 13 سکاڵا بوون، رەتکرانەوە.
دادگەی فیدراڵی رۆژی یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024 ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە، کە لەلایەن دوو کوردی ئێزدی (یەکێکیان پەرلەمانتارە) و دوو کریستیان لە دژی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان تۆمارکرابوو. هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ "نەبوونی مەرجی پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری پێشوو، وەکو لە مادەی 45ـی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەکەدا هاتووە."
مادەی 45 دەڵێت: "لەکاتی پێویست و هەرکاتێک کە بەرژەوەندیی دەستووری و گشتی بخوازێت، دادگە دەتوانێت پرەنسیپێکی پێشووی، کە لە یەکێک لە بڕیارەکانیدا هاتووە، هەموار بکاتەوە، بەو پێیەی کاریگەریی نەکاتە سەر سەقامگیریی یاسایی و مافە بەدەستهاتووەکان."
سکاڵا رەتکراوەتەوەکە لەلایەن (مەحما خەلیل، وەلید جاسم بریم، نزار عیسا جبرائیل، غەزوان سالم عیسا) تۆمارکرابوو. داوایان لە دادگەکە کردبوو بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکانی عێراق بە نادەستوورى بناسێنێت، کە رێگرى لە مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکانەوە دەکات. داواشیان لە دادگەى فیدراڵى کردبوو لە بڕیارێکى خۆى پاشگەز ببێتەوە کە ساڵى رابردوو لەبارەى چەند سکاڵایێکى هاوشێوەوە دەریکردووە.
یەکێک لەوانەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە دەڵێت: "ئەو بڕیارە کۆتایی بە هەوڵەکان هێنا بۆ تۆمارکردنی سکاڵای دیکە، چونکە هەموو ئەو سکاڵایانەی تۆمارکرابوون دژی قەدەخەکردنەکە رەتکرانەوە، بۆیە گەیشتینە کۆتایی رێگەکە، هەرچەندە بڕیارەکەی دادگە و ئەو بڕگەیەی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات لە یاسای داهاتەکانی شارەوانی نادەستوورییە."
ساڵى رابردوو 12 سکاڵا لە دژی بڕگەیەکى یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمارکران، کە هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات. دادگە هەموو سکاڵاکانى یەکخست و لە 27ـی ئابى 2023 رەتیکردەوە، بەپاساوى ئەوەى دەرکردنى ئەو یاسایە "نادەستوورى" نییە.
یاساى داهاتى شارەوانییەکان لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، بەڵام لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە وارى جێبەجێکردنەوە.
لە مادەی 14ـی یاساکەدا هاتووە: "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت."
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە، کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
سکاڵاکانى پێشوو لەسەر ئەو بنەمایە بوون، کە ئەو بڕگەیەى یاساى شارەوانییەکان پێچەوانەى بنەماکانى دەستوورە، تایبەت بە ئازادى و مافی تاکەکەسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ