چەکدارێکی پێشووی عەسائیبی ئەهلی حەق سزای 48 مانگ زیندانیکردنی لە ئەمریکا بەسەردا دەسەپێندرێت

06-05-2022
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  

چەکدارێکی پێشووی عەسائیبی ئەهلی حەق سزای 48 مانگ زیندانیکردنی لە ئەمریکا بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەش لەو وڵاتە دەردەکرێت. 
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی هەینی 6-5-2022 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەکی عێراقی بەناوی 'جاسب حافز سەعدوون' کە دانیشتووی ویلایەتی نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە رۆژی هەینی بڕیاری 48 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەش لە ئەمریکا دەردەکرێت. 
 
جاسب حافزی تەمەن 36 ساڵ رۆژی 8ـی حوزەیرانی ساڵی 2017 بە دامەزراوەی تایبەت بە وەرگرتنی مافی پەنابەرانی نیویۆرکی راگەیاندووە کە پێشتر ئەندامی هیچ گرووپێکی چەکداری نەبووە؛ بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی بۆیان روونبووەتەوە کە زانیارییەکانی هەڵەن و ئەندامی عەسائیبی ئەهلی حەق بووە. 
 
عەسائیبی ئەهلی حەق یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق کە باوەڕ وایە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لەلایەن ئەمریکاشەوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، ئەو هاووڵاتییە عێراقییە ساڵی 2013 سەردانی سووریای کردووە و ئامانج لە سەردانەکەشی بریتیبووە لە بەشداریکردن لە شەڕێکدا بۆ پاڵپشتیکردن لە سوپای سووریا؛ وەزارەتی دادی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە لەو کاتەدا سوپای سووریا تاوانی گەورەی ئەنجامداوە و تەنانەت یەک مانگ پێش گەیشتنی ئەو هاووڵاتییە عێراقییە بە سووریا، سوپای ئەو وڵاتە لە هێرشێکی کیمیاییدا زیاتر لە 1400 کەسی لە ناوچەی غوتە لە نزیک دیمەشق کوشت. پاشان، ئەو هاووڵاتییە عێراقییە سەردانی ئێران و ئوردنیشی کردووە، بەڵام ئەو زانیاریانەی لە بەرپرسانی ئەمریکی شاردووەتەوە. 
 
کارلا فریدمان، دادوەری ئەمریکی شاری سیراکیوزی ویلایەتی نیویۆرک رایگەیاند، "کەسێکی ترسناکمان لە کۆمەڵگەکەمان لابرد و چی دیکە مافی ئەوەشی نابێت لەنێو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای مافی مانەوە بکات." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.